سەردێڕ:

جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین پێی نایە ٧٤ رۆژ؛ زیانەکان چین؟

PM:12:11:19/12/2023

1628 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا رایگەیاند، جەنگی فەڵەستین و ئیسرائیل پێی نایە ٧٤ رۆژ و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٩ هەزار کەس گیانی لەدەستداوە. دەشڵێت، "پێویستە بە خێرایی ئاگربەست رابگەیەنرێت لەپێناو ژیانی فەڵەستینییەکان."


ئەمڕۆ سێشەممە، جۆرێب بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا لە دیدارێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەوەی لە فەڵەستین روودەدات بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل سەختترە لەوەی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بەسەر ئەڵمانییەکاندا هاتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ناوچەکە بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕدەبێت و بەگوێرەی راپۆرتە تەندروستییەکان ژمارەی گیان لەدەستدان ١٩ هەزار و ٤٥٣ کەسە و لەو رێژەیەش زیاتر لە ١٧ هەزار کەسیان منداڵ و ژنن. دەشڵێت، "پێویستە پێش ئەوەی گرژییەکان فراوانتر بێت، ئاگربەست رابگەیەنرێت تا ناوچەکە دووچاری قەیرانی لەوە زیاتر نەبێتەوە."

لای خۆشییەوە، ییواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان بەردەوام هێرشە دەکەنە سەر ناوەندەکانی حەماس لە غەززە و لەمەودوا دەچنە قۆناغی داهاتووە لە هێرشەکانیان کە بە هۆیەوە رەنگە دانیشتووانی کەناراوەکانی باکوری غەززە بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

هاوکات ناوەندی شرۆڤەکارانی ئابوری جیهان لە راپۆرتێکدا ئەوەیان خستە روو، بەهۆی بۆردمان و هێرشەکانی حەماسەوە بە تێکڕا فەڵەستین و ئیسرائیل بەبەهای زیاتر لە ٥٢ ملیار دۆلار زیانیان پێگەشتووە و گەشەی ئابوریشیان بە رێژەی ٨.١٪ دابەزیوە.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری