سەردێڕ:

دەستەی ئاماری تورکیا: عێراق لە پلەی حەوتەمدا دێت بۆ کڕینی موڵک لە تورکیا

PM:03:50:16/12/2023

1620 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، عێراق لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا بۆ پلەی حەوتەم دابەزیوە لە کڕینی موڵک و مامەڵەی خانووبەرە لە تورکیادا و لەو ماوەیەدا رووسیا زۆرترین ژمارەی خانووبەرەی لە تورکیا کڕیوە و چووەتە پلەی یەکەمی ریزبەندییەکە.


ئەمڕۆ شەممە، دەسەڵاتی ئاماری تورکیا رایگەیاند، فرۆشتنی خانوو بە هاوڵاتییانی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمدا بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ٪٦١.١ کەمیکردووە، کە لە هەمان مانگی ساڵی رابردوودا دوو هەزار و ٣٤٢ خانوو بە عێراقییەکان فرۆشرابوو و لە ئێستادا کەمبووەتەوە بۆ ٩٠ خانوو.

باسی لەوەش کردووە، لەماوەی مانگی تشرینی دووەمدا رووسیا بە ٧٣٧ خانوو لە پێشەنگی وڵاتانی دیکە بووە لە کڕینی زۆرترین خانوو لە تورکیادا، ئێران لە پلەی دووەمدایە بە ٢٣٤ خانوو، ئۆکرانیاش لە پلەی سێیەمدایە بە ١٢٨ خانوو، کازاخستان پلەی چوارەمی هەیە بە ١١٧ خانوو، دوای ئەوانیش سعودیە لە پلەی پێنجەمدایە بە هەبوونی ١١٠ خانوو لە خاکی تورکیادا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، عێراقییەکان لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە هەمیشە لە لیستی کڕیارانی خانووبەرە لە تورکیا لە پێشەنگی جیهان بوون، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا ڕیزبەندییەکانیان گۆڕانکارییان بەسەردا هات و ئێران پلەی یەکەمی گرت و عێراق بۆ پلەی دووەم دابەزی، دواتریش لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ دوای ئەوەی رووسیا پلەی یەکەمی گرت لە کڕینی خانووبەرەی تورکیا عێراق بۆ پلەی سێێەم دابەزی.













گەلەری