سەردێڕ:

تەندروستی غەززە: زیاتر لە ١٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

AM:09:30:12/12/2023

1100 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ ١٨ هەزار و ٢٠٥ کەس بەرزبووەتەوە. دەشڵێت، "خواردن و خواردنەوە نییە و ناوچەکە لە دۆخێکی مرۆیی سەختدایە".


ئەشرەف قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەززە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەرەو پەرەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت و ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوون بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە ١٨ هەزار و ٢٠٥ کەس.

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە گیانلەدەستدان ژمارەی بریندارەکان ٤٩ هەزار و ٦٤٥ کەسی تێپەڕاندووە کە ٧٠٪ ژن و منداڵن و ٣٠٪ بریندارەکانیش بارودۆخی تەندروستیان سەختە و خواردن و خواردنەوەش بەپێی پێویست نییە، تادێت دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا خراپتر دەبێت. دەشڵێت، "زیاتر لە ٣٢٥ هەزار حاڵەتی نەخۆشی گوازراوە لەناو بریندارەکان و ناوچەکەدا تۆمارکراوە".

لای خۆیەوە بەرپرسێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە غەززە باسی لەوە کرد، بارودۆخی کەرتی غەززە هەر کاتژمێرێک خراپتر دەبێت لە کاتژمێری پێش خۆی لە کاتێکدا ئیسرائیل بۆردوومانەکانی بۆ باشوور لە دەوروبەری شارەکانی خان یونس و ڕەفەح چڕتر دەکاتەوە.

لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو سەربازی دیکەی لە کاتی شەڕەکانی کەرتی غەززە راگەیاند، بەمەش ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل سەرەتای جەنگەوە کوژراون گەشتە ٤٣٣ سەرباز و نزیکەی هەزار و ٦٤٥ سەربازیس برینداربوون.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری