سەردێڕ:

سوپای ئیسرائیل: لە سەرەتای جەنگەوە ٤٣٣ سەربازمان گیانیان لەدەستداوە

PM:05:50:11/12/2023

1408 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا ٤٣٣ سەربازیان گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٦٤٠ سەربازیش برینداربوون.


ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکی هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە ١٠٤ سەربازی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و ٥٨٢ سەربازیش برینداربوون کە لە نێویاندا ١٣٣ سەربازیان برینەکانیان سەختە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی تشرینی یەکەم، ٤٣٣ سەربازی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٦٤٥ سەربازی دیکەش برینداربوونە.

هاوکات تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە رێژەی گیان لەدەستان لە کەرتی غەززە بەردەوام لە زیادبووندایە و تاوەکو ئێشتا زیاتر لە ١٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٥١ هەزار کەسیش برینداربوون.

لای خۆشیەوە مانگی سوری فەڵەستین باسی لەوە کرد، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باکوری غەززە بەردەوامە لە کاتێکدا لەو ناوچانە زیاتر لە ١٣ هەزار ئاوارە بوونیان هەیە.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری