سەردێڕ:

تەندروستی غەززە: زیاتر لە ١٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

PM:06:51:07/12/2023

1276 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ ١٧ هەزار و ١٤٤ کەس بەرزبووەتەوە. دەشڵێت، " خواردن و خواردنەوە نییە و ناوچەکە لە دۆخێکی مرۆیی سەختدایە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی غەززە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەرەو پەرەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت و ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوون بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە ١٧ هەزار و ١٧٧ کەس.

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە گیانلەدەستدان ژمارەی بریندارەکان ٤٦ هەزار کەسی تێپەڕاندووە کە ٧٠٪ ژن و منداڵن و ٣٠٪ بریندارەکانیش بارودۆخی تەندروستیان سەختە و خواردن و خواردنەوەش بە پێی پێویست نییە و تادێت دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا خراپتر دەبێت.

لای خۆیەوە بەرپرسێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە غەززە باسی لەوە کرد، بارودۆخی کەرتی غەززە هەر کاتژمێرێک خراپتر دەبێت لە کاتژمێری پێش خۆی لە کاتێکدا ئیسرائیل بۆردوومانەکانی بۆ باشوور لە دەوروبەری شارەکانی خان یونس و ڕەفەح چڕتر دەکاتەوە.

لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو سەربازی دیکەی لە کاتی شەڕەکانی کەرتی غەززە راگەیاند، بەمەش ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل سەرەتای جەنگەوە کوژراون گەشتە ٤٠٦ سەرباز.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردوە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری