سەردێڕ:

دوای دەستپێکردنەوەی جەنگ؛ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو ئاوارەکانی غەززە بەردەوام لە زیادبووندایە

نەخۆشخانەی نەسڕ- غەززە
PM:11:21:03/12/2023

1432 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای فریاگوزاری و کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە 'ئونروا' رایگەیاند، لەدوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی حەماس و ئیسرائیل دۆخی تەندروستی ئاوارەکانی کەرتی غەززە بەرەو خراپتر دەچێت و رێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەردەوام لە زیادبووندایە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، دەزگای فریاگوزاری و کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە 'ئونروا' رایگەیاند، لەدوای دەستپێکردنەوەی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دۆخی تەندروستی ئاوارەکانی خراپتر بووە و هەزارەها حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە لەنێو منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵدا تۆمارکراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی زیادبوونی لێشاوی ئاوارەکان بۆ قوتابخانە و پەناگەکانی دیکە نەخۆشییەکان بەشێوەیەکی خێراتر بڵاودەبنەوە.

ئەوەشی خستە روو، دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست ٤٥٪ـی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەکاتی بۆردوومانەکان وێران بوون و قەیرانی ئاو لە ناوچەکەدا دروستبووە.

هاوکات بەپێی ئامارەکان، ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بۆ زیاتر لە ١٥ هەزار و ٢٠٠ کەس بەرزبوونەتەوە کە زیاتر لە چوار هەزار و ٦٠٠ کەسیان منداڵن.

جگە لەوەش، زیاتر لە ٤٠ هەزار و ٦٥٢ کەس برینداربوون و ٣٠٪ بریندارەکان ژیانیان لە مەترسیدایە و زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

هەفتەی رابردوو، حەماس و ئیسرائیل ئاگربەستێکیان ئەنجامدا و لەماوەى هەفتەیەکدا حەماس زیاتر لە ١٠٠ بارمتە و ئیسرائیلیش ٢٤٠ بارمتەی فەڵەستینى ئازادکرد.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری