سەردێڕ:

سوپای ئیسرائیل: لە باشووری غەززە هێرشی زەمینی دەستپێدەکەین

PM:07:17:03/12/2023

1592 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئاگادار لە سوپای ئیسرائیل بە میدیا جیهانییەکانی راگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باشووری کەرتی غەززە دەست بە هێرشی زەمینی دەکات. دەشڵێت "هێرشەکە لەپێناو ئازادکردنی تەواوی بارمتەکاندایە".


ئەمرۆ یەکشەممە، چاوگێک لە سوپای ئیسرائیل بە ئاژانسی هەواڵی سکای نیوزی راگەیاند، سوپای ئەو وڵاتە لە باکووری ناوچەی خان یونس دەست بە هێرشی زەمینی دەکات کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزی پیادە و زرێپۆش ئاڕاستەی ناوچەکە کراوە و ئامادەکاری کراوە بۆ هێرشی زەمینی لە پێناو ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە ژێردەستی گروپە چەکدارەکانی حەماسدان.

پێشتر وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کەرتی غەززەی بەسەر دوو هەزار و ٣٠٠ کۆمەڵگەی نیشتەجێبووندا دابەشکراوە و داواشی لە دانیشتوانی خان یونس کردووە کە ناوچەکە چۆڵبکەن.

ئاماژەی بەوەش كردووە، هەر کەسێکی لە دانیشتوانی خان یونس ڕەتیدەکاتەوە کە ناوچەکە جێبهێڵێت خۆی بەرپرسیارێتی چارەنوسی خۆی هەڵدەگرێت.

لە چەند کاتژمێری رابردوودا چاوگێک لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیلەوە بۆسەر خان یونس حەوت فەڵيستینی گیانی لەدەستداوە و ١٥٠ کەسیش برینداربووە.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردوە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری