سەردێڕ:

ژمارەی گیانلەدەستدانەکان لە کەرتی غەززە ١٥ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:05:42:02/12/2023

1148 جار خوێندراوەتەوە

پاش کۆتاییهاتنى ئاگربەستە کاتییەکە؛ بۆ دووەم رۆژ شەڕ و بۆردوومانەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانەکان ١٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە تا ئێستا لە ١٥ هەزار و ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە چوار هەزار و ٦٠٠ کەسیان منداڵن.

ئاماژە بەوەش کراوە، زیاتر لە ٤٠ هەزار و ٦٥٢ کەس برینداربوون و ٣٠٪ بریندارەکان ژیانیان لە مەترسیدایە و زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

باسی لەوەشکرد، پاش کۆتاییهاتنی ئاگربەستە کاتییەکە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە دووەم رۆژی گرژییەکاندا زیاتر لە ١٨٠ کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات سوپاى ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێرشە موشەکییەکانى گروپە چەکدارییەکانی غەزە بۆ سەر چەند ناوچەیەکى وڵاتەکەیان بەردەوامە.

لاى خۆیەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانى خۆى دەربڕى لەسەر دەستپێکردنەوەى شەڕ و ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان قەیرانى مرۆیی لە غەززە خراپتر دەکات و پێویستە بە زووترین کات چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە بدۆزرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، حەماس و ئیسرائیل ئاگربەستێکیان ئەنجامدا و لەماوەى هەفتەیەکدا حەماس زیاتر لە ١٠٠ بارمتە و ئیسرائیلیش ٢٤٠ زیندانى فەڵەستینى ئازادکرد.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری