سەردێڕ:

تەندروستی غەززە: دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکان زیاتر لە ٥٧ کەس گیانیان لەدەستداوە

PM:03:53:01/12/2023

1608 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە رایگەیاند، لە سەرلەبانی ئەمڕۆوە تا ئێستا ٥٧ کەس گیانی لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون و بزوتنەوەی جیهادی فەڵەستینیش رایگەیاند، " لە وەڵامی ‌هێرشەکانی ئیسرائیلدا ئەمڕۆ چەند ناوچەیەکمان بۆردومانکردووە."


دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆتاییی هاتنی ئاگربەستی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ٥٧ هاوڵاتی فەلەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش بریندارن.

لەو بارەیەوە بزوتنەوەی جیهادی فەلەستینی ئاماژەی بەوە کرد، لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بزوتنەوەکە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیلی بۆمبباران کردووە.

هەروەها بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەی خستە روو، حەماس بە مەرجەکانی ئیسرائیل رازی نەبووە بۆ ئازادکردنی بارمتەی زیاتر و ئیسرائیل باپەندە بە ئامانجەکانی و حەماس سەرجەم بارمتەکانیان ئازاد نەکردووە وەک ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کرابوو.

باسی لەوەش کرد، ئامانجی ئیسرائیل ئازادکردنی بارمتەکان و لەناوبردنی حەماسە و دڵنیابوونەوەیە لەوەی جارێکی دیکە کەرتی غەززە مەترسی بۆ سەر هاوڵاتییانی ئیسرائیل درووست نەکاتەوە

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی حەوت رۆژ ئاگربەست لە نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسدا بەرپاکرا بە مەبەستی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە و ئازادکردنی دیلە ئیسرائیلییەکان و کاتژمێری هەشتی بەیانی ئەمڕۆ ماوەی ئاگربەست کۆتایی هات و سوپای ئیسڕائیل دەستی کردەوە بە هێرشکردن بۆ سەر کەرتی غەززە و بەو هۆیەوە ژمارەی قوربانییەکان دووبارە دەستی بە بەرزبوونەوە کردەوە.













گەلەری