سەردێڕ:

تەنها لە ماوەی ٤٨ رۆژدا؛ دوو هێندەی جەنگی ئۆکرانیا ژن و منداڵ لە غەززە گیانیان لەدەستداوە

AM:08:34:27/11/2023

1312 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان باس لەوەدەکەن، رێژەی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی نائاسایی بەرزبووەتەوە بەو پێیەی بەراورد بە جەنگی دوو ساڵەی ئۆکرانیا و روسیا، لە غەززە دوو هێندەی ئۆکرانیا ژن و منداڵ گیانیان لەدەستداوە.


رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، بە پێداچوونەوە بە ململانێکانی رابردوو و چاوپێکەوتن لەگەڵ شارەزایانی بواری چەک، هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە جیاوازە لە هێرشەکانی ساڵانی رابردووی وڵاتانی دیکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رێژەی گیانلەدەستدان لە غەززە لەکاتی بۆردومانی ئیسرائیلدا بە شێوەیەکی نائاسایی بەرزبووەتەوە.

لای خۆشیەوە برایان کاستنەر لێکۆڵەری چەک و لێکۆڵەری پێشووی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەکرد، ئەو بۆمبانەی لە غەززە بەکارهێنراون گەورەترن لەو بۆمبانەی کە ئەمریکا بەکاریدەهێنا کاتێک شەڕی داعشی دەکرد لە شارەکانی وەک موسڵ و ڕەقە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار رۆژ دەستیپێکرد و لە یەکەم رۆژی ئاگربەستدا، حەماس ١٣ بارمتەی ئیسرائیلی و ١١ بارمتەی بیانی بەرامبەر بە ٣٩ بارمتەی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازادکرد و نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان پشگیری خۆی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان راگەیاند.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری