سەردێڕ:

دوای ئاگربەست؛ میسر هاوکارییە مرۆییەکانی گەیاندە غەززە

PM:05:55:24/11/2023

1316 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، دوای ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حەماس ئەمڕۆ میسر هاوکارییە مرۆییەکانی بە سەدان بارهەڵگر گەیاندە غەززە.


ئەمڕۆ هەینی، میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا و هەر لەگەڵ هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حەماس میسر دەستی کردەوە بە ئامادەکاری بۆ ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی غەززە.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەش کرد، ئەمڕۆ وڵاتی میسر لە دەروازەی رەفەحەوە جلوبەرگ و خۆراک و پێداویستی پزیشکی و پێخەف و چەندین کەرەستەی دیکەی بە ٥٠٠ بارهەڵگردا گەیاندە ئەو شارە.

ئەوەش خراوەتە روو، لە پاڵ ئەو پێداویستیانەدا ئەو وڵاتە بە سەدان تەنکەر سووتەمەنی و غازی بۆ دانیشتووانی غەززە ناردووە و چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی زۆری پێداویستی هاوڵاتیان و نەخۆشخانەکان و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن پڕبکاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێشوو دوای ٤٨ رۆژ لە جەنگ و گەمارۆدان ئاگربەست لە غەززە دەستیپێکرد و بڕیارە، تاوەکو چوار رۆژ بەردەوامبێت و لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆشەوە دەست بە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان بکرێت.

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا ١٤ هەزار و ٨٥٤ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە شەش هەزار و ١٥٠ کەسیان منداڵن و نزیکەی چوار هەزاریشیان ژنن.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.














گەلەری