سەردێڕ:

تەندروستی غەززە: ژمارەی گیانلەدەستدان لە ١١ هەزار کەس نزیکبووەتەوە

PM:10:56:09/11/2023

1376 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، ژمارەى گیانلەدەستدانی کەرتى غەزە ١٠ هەزار و ٨٠٠ کەسى تێپەڕاند. هاوکات، فەڕەنسا داواى ئاگربەستى بەپەلە دەکات و سوپاى ئیسرائیلیش دەڵێت: "تاکو ئەو کەسانەی بە بارمتەگیراون ئازاد نەکرێن ئاگربەست ناکەن."


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی غەززە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆى هێرش و بۆردوومانەکانى سوپاى ئیسرائیل بۆسەر کەرتى غەززە گەیشتووەتە ١٠ هەزار و ٨١٢ کەسی تێپەڕاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، تەندروستی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، تا ئێستا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە حەوت هەزار کەسیش برینداربوون.

هاوکات، تۆڕى پەیامنێرانى بێسنور بڵاویکردەوە، تا ئێستا ٤١ رۆژنامەنووس لە غەززە گیانی لەدەستداوە.

لاى خۆیەوە، ئیمانوێڵ ماکرۆنى سەرۆکى فەرەنسا داوایکرد بەپەلە ئاگربەستى مرۆیی لە غەززە رابگەیەنرێت، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل رایگەیاند، تاکو پێشەکی سەرجەم بارمتەگیراوەکانیان ئازاد نەکرێن، هیچ ئاگربەستێک لە غەززە رانەگەیەنن.

بەپێی ئەو ئامارانەی نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە ١٥ هەزار کەس لە باکوری غەززەوە بەرەو باشوور ئاوارەبوون.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، تێچووی جەنگی غەززە ٥١ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو بە تێپەڕبوونی هەر هەفتەیەک بەسەریدا ملیارێک دۆلار خەرجی دەبێت، هاوکات میدیاکانی ئیسڕائیلیش باس لەوە دەکەن، ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی کورتهێنانی بودجە و قەیرانی ئابووری دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری