سەردێڕ:

قەتەر هەوڵى راگەیاندنى ئاگربەرستی سێ رۆژە لە غەززە دەدات

PM:11:54:08/11/2023

2228 جار خوێندراوەتەوە

قەتەر لە هەوڵى راگەیاندنى ئاگربەستێکدایە لە غەززە، کە لە بەرامبەردا حەماس چەند بارمتەیەکی ئیسرائیلی ئازاد بکات.


میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، قەتەر لە هەوڵدایە بۆ ئەوەى نێوەندگیرى لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بکات بۆ راگەیاندنى ئاگربەستێک بۆ ماوەى سێ رۆژ لە کەرتى غەززە، ئەوەش لە بەرامبەر ئازادکردنی ١٠ بۆ ١٥ بارمتەی ئیسرائیلى کە لە هێرشەکەی حەوتى مانگى رابردووى حەماس بۆسەر ئیسرائیل دەستگیرکراون.

هاوکات، لەسەر ئاستى مەیدانیش سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان بەرەو ناوەندیی غەززە پێشڕەویی دەکەن.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، لە شەڕ و پێکدادانەکاندا دوو سەربازیان کوژراون، بەوەش کۆى ژمارەى سەربازە کوژراوەکانى ئیسرائیل بۆ ٣٤ سەرباز بەرزبووەتەوە.

لاى خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی غەزە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامى هێرشێکی فڕۆکەکانى ئیسرائیل بۆسەر ماڵێک لە نزیک نەخۆشخانەیەک لە باکوری غەززە، لانیکەم ٢٠ کەس کوژراون، کۆى کوژراوانیش دە هەزار کەسى تێپەڕاندوە و زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسى دیکەش برینداربوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری