سەردێڕ:

تەندروستی فەڵەستین: ژمارەی گیانلەدەستدانەکان هەشت هەزار کەسی تێپەڕاند

AM:08:44:30/10/2023

1392 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتە ٢٣ رۆژی تێپەڕاندووە ژمارەی گیان لەدەستدان بۆ زیاتر لە هەشت هەزار کەس بەرزبووەتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە هەشت هەزار و پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی سێ هەزار و ٣٥٠ کەسیان منداڵن.

ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لە گیانلەدەستدانەکان ٢٤ هەزار و ٢٤٢ کەسی دیکەش برینداربوون.

لای خۆیەوە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکان تا ئێستا هەزار و ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، " بەردەوام دەبین لە هێرشەکان تا غەززە پاک دەکەینەوە لە چەکدارانی حەماس".

لەلایەکی دیکەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لەوەی کە دۆخی غەززە کاتژمێر بە کاتژمێر خراپتر دەبێت و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهۆی فراوانبوونی هێرشە زەمینیەکانی ئیسرائیلەوە بۆ تاوتوێکردنی دواین پێشهاتەکانی شەڕەکە ئەمڕۆ کۆدەبنەوە.

رۆژی رابردوو، رێکخراوی مانگی سوری فەڵەستینی لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوەکرد، ئیسرائیل داوایکردووە نەخۆشخانەی قودس لە غەززە چۆڵبکەن کە ١٢ هەزار ئاوارەی تێدایە. 

لە چەند رۆژی رابردوودا، ئیسرائیل هێلەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێتی لە کەرتی غەززە پچڕاند و دواتر ئیڵۆن ماسک خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس ئاماژەی بەوەکرد، خزمەتگوزاری پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت بۆ رێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان لە کەرتی غەززە لەڕێگەی مانگی دەستکردی ستارلینگەوە دابیندەکات.

لە ٧ـی تشرینی یەکەمەوە جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکرد و تا ئێستا بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە لە هەردوولا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.


 













گەلەری