سەردێڕ:

زانیارى نوێ لەبارەى شەڕەکەى ئەمشەوى قەزاى خەبات لەزارى کەسوکارى سێ کوژراوەکە

PM:01:48:16/09/2021

29796 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری بنەماڵەی سێ کوژراوەکەی قەزای خەبات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا وردەکاری چۆنییەتی رووداوى پێکدادان و شەڕى دوو بنەماڵەى قەزاکە باسکرد.


بەوتەى نوێنەرى بنەماڵەى سێ کوژراوەکەى قەزاى خەبات"رووداوەکە لەنێوان دوو بنەماڵەدا بووە نەک دوو هۆز، تەواوی لایەنە ئەمنییەکانی قەزای خەباتیش بەرپرسیارن لە رووداوەکە.

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، لەنێوان دوو بنەماڵە لە قەزای خەبات لەسەر دەمەقاڵەی چەند کەسێک شەڕ و گرژیی دروست بوو و بەو هۆیەشەوە، سێ کەس لەلایەنێک کوژران و کەسیکی دیکەش لەلایەنێکی دیکە کوژرا، ئەمڕۆ نوێنەری بنەماڵەی سێ کوژراوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا وتی، "ئەو شەڕە لەسەر شاگردێکی ئەوان درووست بووە و دواتریش سێ کەسیان لێ کوژراوە".

لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکەوە ئەو کەسە کە خوشکەزای سێ کوژراوەکەیە، ئەوەشی وت، "لەسەرەتادا لەنێوان شاگردەکە و چەند کەسێک لەبنەماڵەی بەرامبەر کێشەکە روویداوە، دواتر ئەو چەند کەسە تەلەفونیان بۆ کەسوکاری خۆیان کردووە و داوای هاوکارییان کردووە، دواتر چوونەتە سەر دوکانی خاڵم و چەکییان لەسەر سەری منداڵە تەمەن ١٢ ساڵانەکەی راگرتووە و داوای ژمارە تەلەفونی باوکی مناڵەکەیان کردووە".

وتیشى "دوای ئەوەی پەیوەندییان بە خاڵی منەوە کرد، خاڵم چووەتە ئەوێ و داوای کردووە کێشەکە چارەسەر بکرێت و بەو شێوە گەورە نییە کە باسی لێوە دەکەن، بەڵام لایەنی بەرامبەر سووربوون لەسەر قسەی خۆیان و یەکێکیان گوللـە دەنێت بەسەری خاڵی منەوە و دەستبەجێ دەیکوژێت"

رونیشیکردەوە "هەر دوای ئەوەش، یەکێکی تریان دوو گوللـە بەکوڕە خاڵەکەی ترمەوە دەنێت و دەیکوژێت و دوای ئەوەش، کوڕە خاڵێکی ترم بریندار دەکرێت و بەو هۆیەشەوە گیان لەدەست دەدات".

شەوی رابردووش، لەسەر هەمان کێشە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو بنەماڵەی خەیلانی و گۆراندا درووست بوو و ئەمڕۆش لەکۆنفرانسییە رۆژنامەنووسییەکەیدا، نوێنەری بنەماڵەی سێ کوژراوەکە سوپاسی ئەندامانی عەشیرەتەکەی کرد و وتی، "پێنج هەزار کەس لە ئەندامانی عەشیرەتەکەی هاتوون بۆ لایان و ئامادەیی هەموو هاوکاریی و پاڵپشتییەکیان دەربڕیوە".

رۆژى ١١ى ئەم مانگە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە قەزای خەباتی هەولێر شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروستبوو و بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون و چواری دیکەش بریندارن.

لەبارەی کوژرانی کەسێکیش لەلایەنی بەرامبەرەوە، ئەو نوێنەرەی بنەماڵەی سێ کوژراوەکە وتیشی، "بەڵگەیان لایە و تۆماری گرتەڤیدیۆشیان لەبەردەستدایە کە باوکی لایەنی بەرامبەر تەقە دەکات و کوڕەکەی بەردەکەوێت و بەو هۆیەشەوە دەکوژرێت، نەک بەتەقەی لایەنی ئێمە".

وتیشی، "حکومەت و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی خەبات بەرپرسیارن و لەدوای نزیکەی کاتژمێرێک چوونەتە شوێنی رووداوەکە و، دەبێت هەردوو بەرپرسی ئاسایش و پۆلیسی خەبات لەکارەکانیان دووربخرێنەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".

لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووشەوە وتی، "دەبوایە حکومەت و لایەنە ئەمنییەکان ‌هێزیان بهێنایەتە نێوان ئێمە و ئەوانەوە، نەک هێز ببەنە نزیک ئەوان و پارێزگاری لەلایەنی بەرامبەر بکەن".

ئەو نوێنەرەی بنەماڵەی سێ کوژراوەکە ئەوەشی وت، "پێش هەموو لایەنێک، سکاڵامان لەحکومەت هەیە کە لەسەرەتای رووداوەکەوە بەپێی پێویست بەدەم رووداوەکەوە نەچووە"، دەشڵێت، "لەئێستادا چاوەڕیی حکومەت دەکەین بەئەرکی خۆی هەڵسێت و تاوانباران بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنێت".













گەلەری