هاتوچۆی هەرێم ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکانیش تەنها لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە چوار هەزار کەس بوونەتە قوربانی رووداوەکانی هاتوچۆ، کە ژمارەی بریندارەکان هێندە و نیوی ژمارەی خودی رووداوەکانە.
بەپێی ئامارەکان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢٨٧
رووداوی هاتوچۆ روویانداوە لە هەرێم، کە تیایدا ٣١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ
هەزار و ٩٩١ کەسیش برینداربوون.
هەر بەپێی ئامارەکان؛ کەمترین رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای هەڵەبجە بووە
کە ٥١ رووداو بووە و زۆرترینیش لە پارێزگای سلێمانی بووە، کە بە سەرجەم پارێزگاکە
و قەزا و ناحیەکانیەوە ٧٢٢ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە.
رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و
برینداربوون یان کەمئەندامبوون دادەنرێت لە هەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی
رێگا و بان و کوالێتی رێگاو بانەکانەوە هەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی
شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی هاتوچۆوە هەیە.