سەردێڕ:

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بردنەوەی ئەردۆغانی بە فەرمی راگەیاند

PM:11:11:28/05/2023

3860 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە فەرمی بردنەوەی ئەردۆغانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا راگەیاند و دەڵێت، "٥٢.١٥٪ی دەنگەکان بۆ ئەردۆغان هاتووە."


دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بردنەوەی ئەردۆغانی بە فەرمی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنجامی کۆتایی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ٥٢.١٥٪ی دەنگەکان بۆ ئەردۆغانە و کڵیچدارئۆغلوش ٤٧.٨٥٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

لە یەکەم وتاری دوای هەڵبژاردنەکان رەجەب تەیب ئەردۆغان وتی، "دەبینە جێگای ئەو هەموو متمانەیەی پێمان بەخشراوە و گەلی تورکیا دڵنیا دەکەنەوە کە وڵاتەکە لە ئامێزی ئەواندا پارێزراو دەبێت".

لەبەرامبەردا، کەمال کڵێجدارئۆغلو رایگەیاند، ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە قورس بووە بۆیان و بەرەنگاری فشار و هەڕەشەی زۆر بوونەتەوە و نیگەرانی ئەوەن کە گرفتەکانی وڵاتی تورکیا بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٥ی ئێوارە پرۆسەی دەنگدانی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە نێوان ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری و کڵیچدارئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی میلـلەت بەڕێوەچوو.













گەلەری