سەردێڕ:

ئەمڕۆ؛ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر دواین بڕگەکانی بودجە دەدات

PM:12:37:22/05/2023

3820 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر دواین بڕگەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ـی عێراق بدات. نەوەی نوێش دەیەوێت گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران لە پرۆژەیاساکەدا جێگە بکاتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا ئاماژەی بەوەکرد، بە ئامادەبوونی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر دواین بڕگەکانی بودجەی عێراق دەدات کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان.

باسی لەوەشکرد، مادەی ١٢ کە تایبەتە بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان تێپەڕێندراوە و ماددەی ١٣ و ١٤ ماوە کە تایبەتە بە قەرزەکانی هەرێم و پرسی فرۆشتنی نەوت و ئەو رێککەوتنانەی کراوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بانکی ناوەندی.

هاوکات، جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەوڵدەدات گەراندنەوەی پاشەکەوتی موچە لە ماددەی ژمارە ١٣ـی بودجە لە بڕگەی دال کە تایبەتە بە پابەندکردنی هەرێم بە گەڕاندنەوەی قەرزەکانی جێگا بکاتەوە.

دوێنێ ئومێد محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پاشەکەوت قەرزە و دەبیت حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بیگەڕێنێتەوە بۆ موچەخۆران.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کارەکانی لیژنەی دارایی لەسەر بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لە دواین قۆناغی دایە و دوای تەواو بوونی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە رەشنوسی بودجە ئاڕاستەی پەرلەمان دەکرێتەوە بۆ تێپەڕاندی پڕۆژە یاساکە.













گەلەری