سەردێڕ:

وردەکاری دەستگیرکردنی ئەو بوکەی لە کۆیە لە رۆژی گواستنەوەکەیدا هەڵهات

AM:09:05:22/05/2023

191096 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سۆران رایگەیاند، ئەو بوکەی لە کۆیە لە رۆژی ئاهەنگی گواستنەوەکەیدا هەڵهاتبوو لە سۆران دەستگیرکراوە و رادەستی نوسینەگەی بەرەنگاربوونەوەی تووند و تیژی دژی ژنان و خێزان لە کۆیە دەکرێت.


پاش ئەوەی پیاوێک داوای یاسایی لەسەر دەستگیرانەکەی تۆمارکرد و باسی لەوە کرد، لە رۆژی گواستنەوەکەیدا هەڵهاتووە و سەرجەم زێڕ و پارەکانیشی بردووە؛ بەڕێوەبەرایەتی توند و تیژی دژی ژنان و خێزان لە سۆران دەستگیرکردنی بوکەکەی لە سۆران راگەیاند.

پۆلیس لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بوکە ناوی ( ح.ك.م)ـە و پاش ئەوەی لە رۆژی گواستنەوەکەیدا رایکردووە دەستگیرانەکەی لە نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووند و تیژی دژی ئافرەتان و خێزانی كۆیە سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە.

باسی لەوەشکردووە، پاش ڵێکۆڵینەوەکانیان بۆیان دەرکەوتووە ئەو بوکە چووتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دواتر تیمێک لە پۆلیسی سۆران بە هاوکاری ئاسایشی ناو شارەکە توانیویانە دەستگیری بکەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە و لەسەر راسپاردەی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووند و تیژی دژی ژنان و خێزانی كۆیە ئەو بوکە رادەستی نوسینگەكە دەكرێت."

 ئەمەش لە دوای ئەوەدێت لە هەفتەی رابردوو گەنجێک لە راپۆرتێکی ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، دەستگیرانەکەی لە رۆژی گواستنەوە و هاوسەرگیریاندا هەڵهاتووە و سەرجەم زێڕ و پارەکانی بردووە، وتیشی، سکاڵای تۆمارکردووە و ئەو کچەی خۆشویستووە بۆیە چووەتە داوایی و ویستوویەتی هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات.













گەلەری