سەردێڕ:

نەوەی نوێ و یەکگرتوو داوای گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچەیان کرد و پارتی و یەکێتی دژی بوون

PM:06:25:21/05/2023

7880 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا نەوەی نوێ و یەکگرتوو داوای گێرانەوەی پاشەکەوتی موچەیان کرد و پارتی و یەکێتی دژی وەستانەوە.


لەو بارەیەشەوە ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا بە لامانەوە گرنگە پاشەکەوتی موچە جێگیر بکەین، کە بە جۆرێک بێت موچەخۆران هەم دڵنیابن پاشەکەوتەکەیان نافەوتێت و هەم مانگانە سودێک ببینن."

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ ئومێد محەمەد پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە ناڤینی ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، پاشەکەوتی موچە دزییە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ فەرمانبەران.

وتیشی، "هەموو هەوڵێک دەدەین دانەوەی پاشەکەوت لە بودجەدا جێگە بکرێتەوە."

لە رۆژی ١٠ی نیسانی ئەمساڵدا، رێبوار ئەوڕەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "داوامان لە پەرلەمانی عێراق کردووە لە بودجەی هەرێمی کوردستان بڕێک تەرخان بکرێت بۆ دانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەران و نووسراوەکەمان ئاڕاستەی پەرلەمان کردووە، کە ئەو بڕەی دیاریدەکرێت لە ٪١٠ کەمتر نەبێت، تاوەلو فەرمانبەران بتوانن بەشێک لەو پارانەیان وەربگرنەوە."

ئەمە لەکاتێکدایە، لە کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێم؛ حکومەت بە پاساوی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارەوە موچەی فەرمانبەرانی پاشکەوت کرد و لێبڕینی لە موچەدا کرد و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی راگرت، تا ئێستاش هیچ بڕیارێک لەسەر چۆنیەتی شێوازی گێڕانەوەی ئەو موچە پاشکەوتکراوانە نەخراوەتەڕوو.

هـ.ئـ

 













گەلەری