سەردێڕ:

بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەک؛ نرخی زێڕ و دۆلار بەردەوامن لە دابەزین

AM:10:47:18/05/2023

39336 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی سێ رۆژە بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بەردەوامە لە دابەزین و هاوکات، نرخی زێڕیش لەسەر ئاستی جیهان و ناوخۆی هەرێمیشدا دابەزیوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراودا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٤ هەزار و ٧٥٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا دوێنێ لە کاتی داخستنی بازاڕی دراو ١٠٠ دۆلار بە ١٤٤ هەزار و ٨٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرا و بەهاکەی ٥٠ دینار دابەزی، بەوەش لە ماوەی ئەم سێ رۆژەی کۆتاییدا ١٠٠ دۆلار نزیکەی سێ هەزار دینار لە نرخەکەی دابەزیوە.

هاوکات، بەهای ئۆنسەیەک زێڕ بە هەزار و ٩٧٧ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە دوێنێ نزیکەی ٢٠ دۆلار دابەزیوە، هاوکات، تەنها لەم هەفتەیەدا زیاتر لە ٥٠ دۆلاری لە نرخەکەی لەدەستداوە.

بەگوێرەی پێنوێنە جیهانییەکان نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ بە ٦٣ هەزار و ٦٠٣ دۆلارە و یەک گرامیش بە ٦٣ دۆلار و شەش سەنتە.

بەهای زێڕ لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە نرخی جیهانی و لەگەڵ ئەوەشدا نرخی دۆلار کاریگەری لەسەر بەهای زێڕ هەیە و بە دابەزینی زیاتری دۆلار بەرامبەر بە دینار بەهای زێڕیش دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەهای ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو ساڵی رابردوو و بە دوو هەزارو ٥٠ دۆلار مامەڵەى پێوەکرا.

نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەم جۆرەیە:

مسقاڵێک زێڕی عەیارە ٢٤ بە ٤٧٢ هەزار دینار.

مسقاڵێک زێڕی عەیارە ٢٢ بە ٤٣٥ هەزار دینار.

مسقاڵێک زێڕی عەیارە ٢١ بە ٤١٩ هەزار دینار.

مسقاڵێک زێڕی عەیارە ١٨ بە ٣٥٧ هەزار دینار.


 













گەلەری