سەردێڕ:

ئەمریکا: کەشتی جەنگی زیاتر دەنێرین بۆ کەنداو

AM:09:10:16/05/2023

2292 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران توانا سەربازیییە بەرگرییەکانیان لە ئاوەکانی کەنداودا زیاتر دەکەن و بڕیاریان داوە کەشتی جەنگی زیاتر بۆئەو کەنداوە بنێرن.


ئەمڕۆ سێشەممە، پاتریک رایدەر وتەبێژی پنتاگۆن وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی توانا سەربازییەکانی لە گەرووی هورمز لە ئاوەکانی کەنداو، زیاتر دەکات، تاوەکو رووبەڕووی ئێران و هەڕەشەکانی ببێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، زیاترکردنی توانا سەربازییەکەیان لەو ناوچەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران و هەڕەشەکانییەتی لەسەر سەقامگیری ئەو کەنداوە و ریگریکردنە لە ئێران لە هەوڵەکانی بۆ دەستگرتن بەسەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی بەو کەنداوەدا تێپەڕ دەبن.

باسی لەوەشکرد، "دەمانەوێت لەریگەی ئەم هەنگاوەوە ئەو پەیامە بگەیەنین بە ئێران کە ئێمە لە کوێین؟ و ئامادەین پەرپەچی هەموو سەرپێچییەکانی بدەینەوە."

وتیشی، ئەمریکا و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسا تاوەکو پاڵپشتی زیاتر پەیدا بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران و دەستدرێژییەکانی لە کەنداوی عەرەبی.

هاوکات، جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا رایگەیاند، روسیا و ئێران پەیوەندییە سەربازییەکانیان توندتر دەکنەوە و روسیا چەند جۆرە چەک و فڕۆکەیەک دەدات بە ئێران بە مەبەستی بەهێزکردنی توانا سەربازییە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە ٩ـی مانگی نیسانی ئەمساڵدا هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانیان لەگەڵ ئێران و بە مەبەستی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە، ژێر دەریاییەکیان ناردووەتە کەنداو کە لە توانایدایە ١٥٤ موشەکی جۆری تۆماهۆک هەڵبگرێت.

باسی لەوەشکردووە، ژێر دەریاییەکە لە گەرووی هورمز لە ئاوکانی کەنداو جێگیرکراوە و ٢٠٪ـی ئەو کەشتییانەی نەوت هەناردە دەکەن بەو گەرووەدا تێپەڕ دەبن و ئەو موشەکەی ژێر دەریاییەکە لە توانایدایە هەڵیبگرێت دەتوانێت لە دوری دوو هەزار و ٥٠٠ کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت.













گەلەری