وەزارەتەکانی دارایی و بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت رایانگەیاند ئابوری جیهان لەبەردەم گرفتەکاندا خۆڕاگربووە.
حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی جیهان کە بە کۆمەڵەی حەوت ناسراون و پێکدێت لە وڵاتانی: کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا لەراگەیەنراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، وەزارەتەکانی دارایی و بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانی کۆمەڵەکە لە شاری نیجاتای ژاپۆن کۆبوونەتەوە.
کۆمەڵەکە رایگەیاندووە، ئابوری جیهان توانیویەتی بەرهەڵستی
گرفتە جۆراوجۆرەکانی بەردەمی ببێتەوە و خۆڕاگر بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە
هۆشیاربن و ئاگاداری ئەو سیاسەتانە بن کە پەیوەندییان بە ئابوری گشتییەوە هەیە.
کۆمەڵەکە باسی لەوەشكردووە، نابێ دڵنیایی تەواو سەبارەت
بە داهاتووی دۆخی ئابوری هەبێت و پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیان لەوبارەیەوە
بکەن.
هاوکات لە راگەیەنراوەکەدا باس لە بەرزکردنەوەی ماوەی قەرزەکان
و ئەگەری نەدانەوەیان لەلایەن ئەمریکاوە نەکراوە.