سەردێڕ:

برسێتی هەڕەشە لە ژیانی ١٩ ملیۆن کەس لە سودان دەکات

PM:07:50:06/05/2023

1448 جار خوێندراوەتەوە

جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی ململانێ ناوخۆیی لە سودان برسێتی بووە بە هەڕەشە لەسەر ژیانی ١٩ ملیۆن کەس.


فەرحان حەق جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەوان ترسیان هەیە لەچەند مانگی داهاتوودا و بەهۆی ململانێ ناوخۆییەکانی سودان لەنێون سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ١٩ ملیۆن هاوڵاتی ئەو وڵاتە توشی برسێتی و بەدخۆراکی ببن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی پێشبینی کردووە ژمارەی ئەوکەسانەی کە برسێتی و کەمی خۆراک دەبێتە هەڕەشە لەسەر ژیانیان بەرزدەبێتەوە و دەگاتە ملیۆنێک هەتا دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس.

فەرحان حەق ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆی گشتی ئەوانەی بەهۆی برسێتی و نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن لەنێوان سێ بۆ شەش مانگی داهاتوودا لەئەگەری بەردەوامی ململانێکاندا دەگاتە ١٩ ملیۆن کەس.

ئەمە لەکاتێکدایە، نزیکەی مانگێکە شەڕ لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا دروست بووە و بەگوێرەی دوایین ئامار تائێستا زیاتر لە ٤٠٠ کەس کوژراوە و زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەسیش برینداربوون و هەزاران کەس ئاوارەبوون.













گەلەری