بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە بۆ سەر یەکێک لە قوتابخانەکانی هەرێمی باراچیناری خێڵەکی لە سنوری نێوان پاکستان و ئەفغانستان حەوت مامۆستا کوژران. سوپای پاکستان دەڵێت، "لە هێرشێکدا شەش سەربازیان لە سنوری نزیک ئەفغانستان کوژراون".
کەناڵی تەلەفیزیۆنی جیو تیڤی پاکستان ئاماژەی بەوەکردووە، لەیەکێک لە قوتابخانەکانی باکوری رۆژئاوای پاکستان لەنزیک سنوری ئەفغانستان لە هەرێمی باراچیناری خێڵەکی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا حەوت مامۆستا کوژراون.
ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا هیچ هۆکارێک بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە و ناسنامەی هێرشبەرەکە
ئاشکرا نەکراوە.
لەلایەن خۆیەوە، پۆلیسی ناوچەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، چەکدارێکی نەناسراو لە
هۆڵی قوتابخانەکەدا کە دەکەوێتە هەرێمی باراچینار کە قوتابخانەیەکی ئامادەییە تەقەی
لە مامۆستاکان کردووە و بەهۆیەوە حەوت مامۆستا
کوژراون.
هاوکات، سوپای پاکستان لە راگەیانراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە ئەنجامی
هێرشی چەند چەکدارێک لە باکوری خۆرائاوای ئەو وڵاتە نزیک سنورەکانی ئەفغانستان شەش
سەربازی سوپاکەیان کوژراوە.
دەشڵێت، بەهۆی هێرشە چەکدارییکەوە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێرشبەرەکان
و سوپای پاکستاندا دروستبووە لە هەرێمی وەزیریستان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە رووبەڕووبوونەوەکەدا سێ چەکدار لە هێرشبەرەکان
کوژراون.