سەردێڕ:

خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوام دەبێت

PM:08:56:17/04/2023

1996 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، ئەمشەو پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای بودجە کۆدەبێتەوە و سەرنجەکانی پەرلەمانتاران وەردەگرێت.


پەیامنێری بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای وەرگرتنی را و سەرنجی پەرلەمانتاران لیژنەی دارایی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانە دەکات.

باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی لیژنەی دارایی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکان کرد سەبارەت بە داهات و خەرجییەکان لیژنەکە راپۆرتێکی پوختەکراو دەداتەوە پەرلەمان و وادەی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە دیاریدەکرێت و چەند پەرلەمانتارێک پێشبینیان کردووە، دوای جەژنی رەمەزان پڕۆژە یاساکە تێپەڕێندرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی پەسەندکرد، دوێنێ شەو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژە یاساکە کرد و کۆبوونەوەکەی بۆ ئەمشەو بە کراوەیی بەجێهێشت.

بودجەی ئەمساڵی عێراق بە نزیکەی ١٩٨ ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت و بەگەورەترین بودجە لە مێژووی عێراقدا دادەنرێت و تیایدا پشکی هەرێم بە رێژەی ٪١٢.٦٧ جێگیرکراوە و بەهای بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار و بەهای ١٠٠ دۆلاریش بە ١٣٠ هەزار دینار دانراوە، هاوکات ئومێد محەمەد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە میانی بەرنامەی تاوتوێدا رایگەیاند، پڕۆژە یاسای ئەمساڵ یەکێکە لە پڕۆژە بێگیروگرفتەکان و بە ئاسانی تێدەپەڕێندرێت.













گەلەری