سەردێڕ:

کەی نرخی دۆلار جێگیر دەبێت؟

PM:03:39:15/04/2023

2708 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی باس لە هەنگاوەکانی جێگیربوونی نرخی دۆلار نزیک لە نرخی فەرمی خۆی دەکات.


جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ ماوەیەک نرخی ١٠٠ دۆلار لە بەرامبەر ١٤٠ بۆ ١٤٥ هەزاردا جێگیر دەبێت، کە ئەوەش پەیوەستە بە چەند خاڵێکەوە لەوانەش ئەو وڵاتانەی کە نرخی ئاڵوگۆڕی بانکی تێیاندا جێگیرە.

دەشڵێت، ئەو جۆرە وڵاتانە ئەگەر بیانەوێت گۆڕانکاری لە بەهای دۆلارەکەیاندا بکەن ئەوا دەبێت هەنگاو بە هەنگاو بیکەن، چونکە نابێت نرخی دۆلار بەڕادەیەکی بەرز و خێرا دابەزێت بەهۆی ئەوەی ناجێگیری لە بازاڕەکاندا دروست دەبێت بۆیە بانکی ناوەندیش هەمان هەنگاوی بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار گرتووەتەبەر.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر بۆیە هەنگاو بە هەنگاو نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار نزمدەبێتەوە و دەگاتە نزیک نرخی فەرمی خۆی.

باسی لەوەشكرد، "هۆکارێکی دیکە ئەوەیە یەکێک لە ئامانجەکانی بانکی ناوەندی و ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەوەیە، دەیانەوێت لەرێگەی چاکسازی لە سیستمی بانکیدا هاوڵاتیانی عێراق و کوردستان والێبکات مامەڵە داراییەکانیان لەرێگای بانکەکانەوە بێت، چونکە ئەو مامەڵانەی لە ئێستادا بوونیان هەیە مامەڵەیەکی کۆنە و نە لە وڵاتانی پێشکەوتوو و نە لە وڵاتانی دیکەشدا نەماوە."

وتیشی، مامەڵە نەکردن لە رێگای بانکەکانەوە هۆکارێکە بۆ جیاوازی نرخی دۆلار بە فەرمی لای حکومەت و لە بازاڕەکاندا، بەو پێیەی ئەو هەلە لەبەردەم هاوڵاتیان هەیە کە لە بانکەکاندا دۆلاریان بە نرخی فەرمی دەستبکەوێت، ئەمەش وا دەکات هاوڵاتیان هەوڵبدەن هەژماری بانکی بکەنەوە و مامەڵە لەگەڵ بانکدا بکرێت.

سەبارەت بە خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕ جەبار گۆران ئەوەی خستەڕوو، لە رێگەی خستنەڕووی دراوەوە بانک دەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت وەک ئەوەی لەماوەی رابردوودا روویدا کە لە کۆی گشتی مامەڵە داراییەکان لەسەر ئاستی عێراق و کوردستانیشدا و بەهای دۆلار و دیناری کۆنترۆڵکرد، هەروەها توانی نرخی فەرمی و نرخی بازاڕەکان لەیەک نزیک بکاتەوە.

راشیگەیاند، لەئێستادا مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە دۆلارەوە لە ئاستێکی ناوەنددایە، چونکە لەکاتی هەبوونی کەلێنی زۆر و بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی زۆردا کڕین و فرۆشتن بەرزدەبێتەوە، لە ئێستاشدا خواست و خستنەڕوو هاوسەنگە و بازاڕ جێگیرە.













گەلەری