سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر روسیادا دەسەپێنێت و ڤاگنەری خستە لیستی سزاکانییەوە

PM:04:02:14/04/2023

2220 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دڵنیاییدا لە خۆ ئامادەکردنی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەپاندنی پاکێجی ١١هەمین سزاکانیان بۆ سەر روسیا. هاوکات، گروپی چەکداری ڤاگنەری خستە لیستی سزاکانییەوە.


مایرێد مەکگینس کۆمیسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ خزمەتگوزارییە داراییەکان و سەقامگیری دارایی رایگەیاند، ئەوروپا ١٠ پاکێجی سزای بەسەر روسیادا سەپاندوە و پاکێجێکی دیکەش دەسەپێنێت، کە ئامانجی پاکێجە نوێیەکە بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی روسیا دەبێت بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئێستای ئەوروپا.

باسی لەوەشکرد، دەبێت هەموو دڵنیابن لەوەی روسیا نەتوانێت خۆی دەرباز بکات لە سزاکان.

پێشتر، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، کە پاکێجی یازدەهەم رێوشوێنی بەهێزکردنی سزاکانی ئێستا و رێگریکردن لە دەربازبوون لەخۆدەگرێت.

هاوکات، یەکێتی ئەوروپا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، هەریەک لە گرووپی ڤاگنەر و "RIA FAN" بەهۆی هەڕەشەیان بۆسەر یەکپارچەیی، سەروەریی و سەربەخۆیی خاکی ئۆکرانیا خراونەتە لیستی سزاکانی یەکێتییەکەوە.

باسی لەوەشکردووە، یەکێتی ئەوروپا لە ٢٥ی شوباتدا ١١ کەس و حەوت دەزگای پەیوەندیدار بە گرووپی ڤاگنەری خستووەتە لیستی سزاکانییەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو گرووپە بە شێوەیەکی چالاک بەشداریی هێرشەکانی روسیای بۆسەر ئۆکرانیا کردووە و سەرکردایەتی پەلامارەکانی سەر سۆلێدار و باخموتی کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە خستوویەتییە لیستی سزادانی روسیاوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٧٣ کەس و ژمارەی دەزگاکانیش گەیشتووەتە ٢٠٧ دەزگا.













گەلەری