سەردێڕ:

دەمیرتاش لە زیندانەوە بەڵێنێک بە گەلی تورکیا دەدات

PM:09:06:13/04/2023

14532 جار خوێندراوەتەوە

هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە زیندانەوە رایگەیاند، بەڵین بە گەلی تورکیا دەدات کە دوای هەڵبژاردنەکان هەموو هەوڵێک دەدەن پارتی کرێکارانی کوردستان لە تورکیا بەتەواوەتی چەک دابنێن. دەشڵێت، "ئێمە کێشەکانمان بە پێی پێویست و لە چوارچێوەی یاسادا چارەسەردەکەین".


سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان لە زنجیرە تویتێکیدا باسی لە کۆتاییهێنان بە سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان و چارەسەرکدنی کێشەکانی کورد لە تورکیا کرد.

دەڵێت، "با بەڵێنێک بە گەلەکەمان بدەین، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە دوای رژێمی ئەردۆغان، کە پڕە لە ناکۆکی، پەکەکە لە تورکیا بە تەواوی چەک دانێن و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبین".

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوان کێشەکانیان بەپێی پێویست و لە چوارچێوەی یاسادا لە ئەنجومەنی نیشمانی تورکیا چارەسەر دەکەن و بە دڵنیاییەوە ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی گەورە مسۆگەر دەکەن.

لەبەشێکی دیکەی تویتەکەیدا دەمیرتاش باسی لەوەکردووە، "باوەڕ مەکەن ساختەچیەکان، بتوانن ئارامی بهێننە ئاراوە. پەکەکە بڕیاری راگرتنی کارەکانی دا و دەرگای چارەسەری کردەوە، بەڵام وروژاندن بەردەوام هەیە. خوا نەکا، رەنگە کەسێک هەوڵی رشتنی خوێن بدات بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن هەبێت. هەموومان پێکەوە وریا دەبین، و نایەینە ناو ئەم یارییەوە."

دەشڵێت، "تکایە لەبیرتان بێت، ئێمە ئاشتی و دیموکراسیمان دەوێت. ئێمە دەمانەوێت بە یەکسانی و برایەتی پێکەوە بژین. پارتی چەپی سەوز زۆرترین کار بۆ ئەمە دەکات. بە دڵنیاییەوە پێکەوە سەردەکەوین."

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک لە وەڵامی ئەگەری دەرکردنی بڕیاری لێبوردنی گشتی و ئازادکردنی "عەبدوڵا ئۆجەلان" لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە، وتی، ئەمە لە دەوڵەتی یاساییدا نییە و نابێت، بەڵام ئەگەر لە ئۆپۆزسیۆن بپرسن دەبێت.

وتیشی، "ئۆپۆزسیۆن باسیان لە ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشیش کردووە، بەڵام لای من شتێکی وا نابێت".

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠١٣لەسەردەمی دەستپێشخەری ئاشتی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"بوو لەساڵی ٢٠١٦ەوە زیندانی کراوە.













گەلەری