سەردێڕ:

نوێترین لێدوانی راوێژکاری دارای سودانی لەبارەی بەهای دۆلارەوە

PM:09:07:09/04/2023

3180 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو سیاسەتەی بانکی ناوەندی گرتویەتیەبەر، بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی بۆ ئاستی نرخی فەرمی کە ١٠٠ دۆلار بەرامبەرە بە ١٣٢ هەزار دینارە دادەبەزێت.


مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕەکان هەنگاونانە بەرەو نرخی فەرمی بانکی ناوەندی ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنی سیاسەتی دراوی بانکی ناوەندی عێراق.

دەشڵێت، رۆڵی سیاسەتە پاڵپشتییەکانی حکومەت بە گشتی بۆ مامەڵەکردن بە شێوەیەکی ئەرێنی و کاریگەر لە دابینکردنی خواست لەسەر دراوی بیانی و گرتنەبەری رێکارەکانی پابەندبوونی نێودەوڵەتی بونەتە حوکمڕانی نەرمتر و شەفافتر و فراوانتر لە سیاسەتی داراییدا و ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاسانکاری و باشترکردنی رێکارەکانی گواستنەوەی دراوی بیانی پێویست و فرۆشتنی دۆلاری کاش لەرێگەی کەناڵەکانی پابەندبونی نێودەوڵەتییەوە بۆئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لە وڵاتدا بازرگانان بە خێرایی خۆیان لەگەڵیدا گونجاندوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح باسی لەوەشکردووە، یەدەگی گەورەی دراوی بیانی پاڵپشتی دەکرێت، کە بەرزترینە لە مێژووی دارایی وڵاتدا، هەموو ئەم هۆکارانە وردە وردە بۆشایی نێوان بەهای دۆلار لەبازاڕەکان و نرخی فەرمی کەمدەکەنەوە

وتیشی، فرۆشی پەنجەرەی دراوی بیانی ئەمڕۆ گەیشتوەتە ئاستی بەرزی خۆی لە سەپاندنی سەقامگیری و دابینکردنی پارەی نەختینە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەهۆی سزادانی چەند بانکێکی عێراقەوە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و کردنەوەی سەکۆی ئەلیکترۆنی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە و کەمکردنەوەی رێژەی خستەنبازاڕی دۆلارەوە لەلایەن هەمان بانکەوە بەشێوەیەکی بەرچاو نرخی دۆلار بەرزبووەوە و بەرزترین ئاستی خۆی تۆمارکرد کە بەهای ١٠٠ دۆلار بوو بە زیاتر لە ١٧٠ هەزار دینار، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا بەهای دۆلار دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی دراو، بەهای ١٠٠ دۆلار بە ١٤٤ هەزار و ٦٥٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا.













گەلەری