سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بارەی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکەوە داوایەکی ئاڕاستەی هاوڵاتییان کرد

PM:08:27:09/04/2023

52464 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بارزگانی عێراق رایگەیاند، چاپکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراک دەستپێدەکات و داوا لە هاوڵاتییان دەکەن روو لە ناوەندەکانی تایبەت بەو سیستەمە بکەن و زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە. دەشڵێت، "خۆراک بە نرخی پاڵپشتیکراو دابیندەکەین."


ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، کارتی ئەلکیترۆنی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان دروستدەکرێت و بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی پارێزگاکانی عێراق سەرپشککراون بۆ چاپکردنی کارتی ئەلیکترۆنییەکە.

ئاماژەی بەوەشدا، داوا لە هاوڵاتییانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەکەن زانیارییەکانیان لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لە ناوەندەکانی تایبەت بە کارتی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراک نوێ بکەنەوە کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە دامەزراوە.

ئەسیر غەریری ئەوەشی خستەڕوو، کارتی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراک دەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی دارایی گشتی لە هەموو پارێزگاکان و پێشتر لە پارێزگای نەجەف ئەو سیستەمە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە.

باسی لەوەشکرد، سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراک ئاسانکاری لە گواستنەوە و زیادکردنی ئەندامانی خێزانەکە فەراهەمدەکات و ئەمەش یەکەمین هەنگاوە بۆ گۆڕینی حکومەت بە حکومەتێکی ئەلیکترۆنی.

وەزیری بارزگانی عێراق وتیشی، "لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کۆمەڵگەی بازاڕکردن دەکەینەوە و خۆراک بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکەین."

بە ئەلیکترۆنی کردنی کارتی بەشەخۆراک لە کارنامەی حکومەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقە و لە ساڵی رابردووەوە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، دەستیان کردووە بە چالاکی و کاروبارەکانی پەیوەست بەو سیستەمە.













گەلەری