سەردێڕ:

کشتوکاڵی عێراق: بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشت هاوردەکردنی ئاژەڵ زیاتر دەکەین

PM:10:35:08/04/2023

2532 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینەوە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی زیادیکردووە. دەشڵێت، "بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشت، هاوردەکردنی ئاژەڵ زیاتر دەکەین".


وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی رێژەی بارانبارین لەمساڵدا، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتووکاڵی زیادیکردووە.

دەشڵێت، لە پلانیشیاندایە کە رووبەری ئەو زەویانە زیاتر بکەن، ئەوەش بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی بە بیابانبوونی ناوچەکانی عێراق.

ئاماژە بەوەشکرد، بەهۆی زیادبوونی لەوەڕگاکانەوە، ژمارەی ئاژەڵ لەناوخۆی عێراقدا زیادیکردووە.

وەزیری کشتوکاڵی عێراق وتیشی، سنوورەکانیش بەڕووی هاوردەکردنی ئاژەڵ دەکەنەوە، ئەوەش بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشت لە ناوخۆدا.

باسی لەوەشکرد، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی و هاوکاریکردنی زیاتری جوتیاران، چەندین ئامێری پێشکەوتووی کشتوکاڵی بە قەرزی ١٠ ساڵ و بەبێ هیچ زیادەیەک دەدەنە جوتیاران.

راشیگەیاند، بەرهەمی ئەمساڵی گەنم دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن تۆن، کە زۆرترین رێژەیە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەوهۆیەشەوە پێویستان بە رێژەیەکی کەمتری گەنمی هاوردەکرداو دەبێت بۆ پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆ.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا نرخی گۆشتی سور و مریشک لە هەرێم و عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە و تا ئێستاش بە بەرزی ماوەتەوە.

لە رێکەوتی ٢٨ی ٣ی ٢٠٢٣ قائیمقامیەتی ناوەندی سلێمانی رایگەیاند، لە مانگی نیساندا و لە پارێزگای سلێمانی رێگری لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەکرێت و کارئاسانی بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو دەکرێت.

وتیشی، "ئەم هەنگاوەش بەمەبەستی رێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت".

پێشتر لەرێکەوتی ٢٧ی ٣ی ٢٠٢٣ مەهدی سەهەر جبوری، بریکاری کارگێڕی وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دەیانەویت لەرێگەی دابینکردنی ئالیکی ئاژەڵ بۆ خاوەن ئاژەڵەکان نرخی گۆشت لە بازارەکاندا هەرزان بکەن.

نرخی گۆشت لە هەرێمی کوردستان گەیشتە ٢٢ هەزار دینار، سەرەڕای بەڵێنەکان بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشت، بەتایبەتی لە ئێستادا کە جەژنی رەمەزان نزیکبووەتەوە، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم هیچ هەنگاوێکی بەمەبەستی کەمکردنەوەی نرخی گۆشت و هەرزانکردنی نەگرتووەتەبەر.













گەلەری