سەردێڕ:

جارێکی دیکە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزی

PM:12:57:08/04/2023

83404 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ بۆ دووەمین جار بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دابەزی، لە ئێستادا هاوڵاتیان ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە ١٤٦ هەزار و ٧٥٠ دینار دەتوانن بفرۆشنە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و ئەگەر بشیانەوێت دۆلار بکڕن، بە ١٤٧ هەزار و ٧٠٠ دینارە.


ئەمڕۆ شەممە، نرخی دۆلار دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و ئەمەش دووەمجارە لەمڕۆدا نرخەکەی دابەزین تۆماربکات.

ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بەهای دۆلار ناجێگیرە و ئەو نرخەی ئێستا نزمترین ئاستی شەش مانگی رابردووە.

بەهۆی سەپاندنی سزای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەسەر بانکی ناوەندی عێراقدا خستنەڕووی دۆلار بۆ خوار ١٠٠ ملیۆن دۆلاری رۆژانە کەم بووە و بەوەش بەهای دۆلار تا ١٧٧ هەزار دینار بەرزبووە.

هۆکاری سەپاندنی سزاکان بۆ سەر عێراق مامەڵەکردن بوو بە دۆلارەوە لەدەرەوەی سیستمی ئەلکترۆنی و بە قاچاغ بردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دیکە بە نایاسایی.

دوای چەند مانگێک شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ئەمریکایان کردووە، شاندەکە لەگەڵ ئەمریکا گەیشتنە رێککەوتن و ناردنی دۆلار ئاسایی بووەوە، دواتر حکومەتی عێراق پێشنیارێکی بانکی ناوەندی عێراقی بۆ دابەزاندنی دۆلار لە ١٤٦ هەزار دینارەوە بۆ ١٣٠ هەزار دینار پەسەندکرد.

 

 


 













گەلەری