سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دایە روسیا

PM:05:59:02/04/2023

4128 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا رووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبێتەوە کە روسیا لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بیگرێتەبەر.


جۆزێف بۆیرێڵ نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، گرتنە دەستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن روسیاوە شایستەیە بکرێتە درۆی نیسان.

ئاماژەی بەوەشداوە، یەکێتی ئەوروپا رووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبێتەوە کە روسیا لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بیگرێتەبەر.

جۆزێف بۆیرێڵ دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی روسیا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتییە، بەڵام بەردەوامە لە پێشێلکردنی کرۆکی چوارچێوە یاساییەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان.

لەلایەن خۆیەوە، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، نیگەرانە لەوەی روسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی گرتووەتە دەست.

دەشڵێت، زۆر سەختە ئەوە بەبیرتدابهێنی کە بەڕونی ئەم گرتنە دەستی سەرۆکایەتییە لە دەستدانی تەواوی دامەزراوەیەکی وەک ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت.

هەروەها، سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە کۆمەڵگەی لە نێودەوڵەتی کرد چاکسازی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێت بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە روسیا، کە یەکێکە لە پێنج وڵاتە ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی ئەنجومەنەکەی بۆ مانگی نیسان گرتە دەست و روسیاش رایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات.

بڕیاریشە سبەینێ دووشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکەم دانیشتنی ئاسایی خۆی خولی نوێی سەرۆکایەتی روسیا بەشێوەی داخراو دەستپێبکات.

کۆتاجار کە روسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گرتە دەست لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ بوو کاتێک سوپای وڵاتەکەی ئۆپراسیۆنەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد.













گەلەری