سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی نەوتی فرۆشراو و داهاتی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە

PM:08:37:01/04/2023

1316 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ئازاری رابردوو بڕی ١٠٠ ملیۆن و ٩١٣ هەزار و ٢٧ بەرمیل نەوت بە بەهای زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار فرۆشراوە.


عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراقی راگەیاند، داهاتی نەوتی مانگی ئازاری رابردوو حەوت ملیار و ٤٠٤ ملیۆن دۆلار بووە و بڕی ١٠٠ ملیۆن و ٩١٣ هەزار و ٢٧ بەرمیل نەوت فرۆشراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، رۆژانە سێ ملیۆن و ٢٥٥ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و نرخی هەر بەرمیلێکیش بە ٧٣ دۆلار و ٣٧ سەنت فرۆشراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی پرۆسەکانی هەناردەکردن و داهاتی پەیداکراو بە جێبەجێکردنی سیاسەتی شەفایەتی تایبەت بە وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوکراوەتەوە.

هاوکات، وەزارەتی نەوتی عێراقیش راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بڕی ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانی کەرکوک رەوانەی بەندەری جەیهان کراوە یەک ملیۆن و ٧٢٧ هەزار و ٤٩٤ بەرمیل بووە.

دەشڵێت، لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری وڵات بڕی ٩٨ ملیۆن و ٨٧٥ هەزار و ٦٩٢ بەرمیل نەوت فرۆشراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، مانگانە حکومەتی فیدڕاڵی بڕی نەوتی فرۆشراو و ئەو داهاتەی دەستی کەوتووە بڵاودەکاتەوە. لەبەرامبەردا حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم هەر شەش مانگ جارێک لە رێگەی کۆمپانیای دیلۆیتەوە بڕی نەوتی فرۆشراو و داهاتەکەی بڵاودەکاتەوە کە بەردەوام گومانی لەسەرە و بەشێک لە داهاتیش بە ناڕوونی دەمێنێتەوە.













گەلەری