سەردێڕ:

لەبارەى دەستبەسەرداگرتنى پرسیارى ناوەندێکى تاقیکردنەوە لە سەیدسادق رونکردنەوە دەدرێت

PM:06:58:08/09/2021

8692 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەرى هۆڵێکى تاقیکردنەوە لە بەڕێوبەرایەتى پەروەردەى سەید سادق رونکردنەوەیەکى لەبارەى دەستبەسەرداگرتنى پرسیارى ناوەندێکى تاقیکردنەوە لە قەزاکە، بڵاوکردەوە.


ئارام فائق فەرەج، بەڕێوبەرى هۆڵى ژمارە ٧٨ لە بەڕێوبەرایەتى پەروەردەى سەید سادق لە رونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات "ئەمڕۆ چوارشەممە لەتاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی۱۲وێژەیی لە وانەی (بیرکاری) لە هۆڵی ژمارە(۷۸) لەبینای ئامادەیی بەختیاری خوێندکارێکی دەرەکی جیهاز و بلوتوزی بەکارهێنا".

بەگوێرەى رونکردنەوەکە "پاش وەرگرتنی جیهاز و بلوتوزەکە لە بەرامبەردا خوێندکارەکە وەک کاردانەوەیەک لە کاتی چونە دەرەوەی لە هۆڵی تاقیکردنەوەکان تەنها سۆمایی و پرسیار و وەرەقەی مسۆدەکەی تایبەت بە خۆی بردەوەتە دەرەوە و تەسلیمی نەکردوین لە بەرامبەردا ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەرکراوە بە واژۆی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرو چاودێر و سەرپەرشتیارانی هۆڵەکە".

بەڕێوبەرى هۆڵەکە رەتیدەکاتەوە خوێندکارەکە سۆمایی سەرجەم خوێندکارانی هۆڵەکەی بردبێتە دەرەوە.

پێشتر ئێن ئاڕ تى بڵاوى کردەوە "ئەمڕۆ چوارشەممە، لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی دوانزە (س.ع) کە برای بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتییە لەکاتی تاقیکردنەوەدا بەقۆپیەوە دەگیرێت، لەلایەن بەڕێوەبەری ھۆڵ و مامۆستایان و سەرپەرشتیارەوە داوای لێدەکرێت بەھۆی ئەوەی گزی کردووە ھۆڵەکە جێبھێڵێت، بەڵام رەتیکردۆتەوە".

چەند شایەتحاڵێکی جیاواز بەئێن ئاڕتییان ووت:" دوای فشار کردن لێی بۆ ئەوەی ھۆڵی تاقیکردنەوە بەجێبھێڵیت، پرسیار و سۆمای خۆی و چەند قوتابییەکی ھۆڵی ژمارە ٧٨ دەباتە دەرەوەو دواتر بەڕێوەبەری ھۆڵ و سەرپەرشتیارە پەروەردەییەکە تکای لێدەکەن و سۆمایی و پرسیارەکانی لێوەردەگرن.

بەپێی زانیاریەکان، ئەو کەسە ئەفسەرە لەوەزارەتی پێشمەرگە، ئێن ئاڕتی پەیوەندیکرد بەبەڕێوبەری پەروەردەی سەیدسادق، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە.













گەلەری