سەردێڕ:

وادەی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی ئەو شەپۆلی بارانبارینە ئاشکرا کە روو لە هەرێم دەکات

PM:11:03:25/03/2023

47696 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینی کەشوهەوای چوار رۆژی داهاتووی ئەم هەفتەیەی ئاشکرا کرد و دەڵێت، "لە رۆژی یەکشممەوە تا رۆژی چوارشەممە باران دەبارێت."


دەستەی کەشناسی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، سبەینێ یەکشەممە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم هەوردەبێت و نمەباران دەبارێت و دواتر دەگۆڕێت بۆ بارانی بە لێزمە و لە هەندێک شوێن هەورەبروسکەشی لەگەڵدا دەبێت.

ئاماژەی بەوەش داوە، لە رۆژی دووشەممە هاوشێوەی رۆژی رابردوو ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم هەورادەبێت و بارانی مامناوەند دەبارێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە رۆژی سێشەممە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم نیمچەهەور دەبێت و دواتر دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و نمەباران دەبارێت و ئەگەری هەیە هەورەبروسکەشی لەگەڵدا بێت.

باسی لەوەشکردووە، رۆژی پێنجشەممە ئاسمان هەوردەبێت و نمەباران دەبارێت و پلەکانی گەرما بە جێگری دەمێننەوە.

ئەمەلەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواودا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارینی نمە باران لە ناوچە شاخاویەکان و پلەکانی گەرما یەک بۆ سێ پلە بەرز دەبنەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی رۆژی پێشوو.

دەشڵێت، سبەینێ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت لە زۆربەی کاتەکاندا، هەندێکجار بارانبارین بە لێزمە دەبێت بە تایبەتی لە ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی هەرێم.



ئـ - ع












گەلەری