وەزارەتی پەروەردەی هەرێم سێ بڕیاری تایبەت بە راییکردنی مامەڵەکانی وەزارەتەکەی رایگەیاند و تیایدا هاتووە، ئەگەر فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێی نەکەن روبەڕوی سزا دەبنەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، دەبێت بەشێوەیەکی خێرا و لە هەموو ئاستەکانی بەرپرسیارێتیدا مامەڵەی هاوڵاتییان راییبکرێت و بەشی سکاڵای ئەلیکترۆنی بۆ هاوڵاتیانیش دابیندەکرێت.
دەقى بڕیارەکان:
١-لە
ھەموو ئاستەکانی بەرپرسیارێتی و فەرمانبەرێتی، پێویستە دامەزراوە پەروەردەییەکان و
ناوەندەکانی خوێندن، بەشێوەیەکی خێرا و بێ ھیچ دواکەوتنێک کاروباری ھاوڵاتییان و سەردانیکاران
لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان بەڕێ بکەن. ئەو کارەی کە یاسا و رێنمایی
ڕێگەی پێداوە، دەبێت بە زووترین کات ئەنجام بدرێت. ھەرکارێکیش روبەڕوتان ببێتەوە لەدەرەوەی
یاسا و رێنمایی، نابێت سەردانیکار بێ وەڵام بێت. دەبێت بەشێوازێکی کارگێڕی دروست وەڵام
بدرێتەوە.
٢- دەبێت
بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردە و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، دەوام
بەجێنەھێڵن تا دوا نووسراو واژووی لەسەر دەکرێت، لە رۆژانی دەوام.
٣- وەزارەت بەشی سکاڵای ئەلیکترۆنی ھەیە، کە
ژمارەکانی دیارە و ھەر سکاڵایەک بگاتە وەزارەت لەسەر دواکەوتنی مامەڵەی ھاوڵاتییان
یان شێوازی مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ سەردانیکارانی دامەزراوە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی
خوێندن لەڕێگەی (بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوون و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە
دیوانی وەزارەت) بەدواداچوونی جددی لەسەر دەکرێت. پاش بەدواداچوون فەرمانبەری کەمتەرخەم
لەھەر ئاستێکی بەرپرسیارێتی بێت (تایبەت - ئاسایی) پارێزراو نابێت لە لیژنەی لێکۆڵینەوە
و سزای کارگێڕی بەگوێرەی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ساڵی ١٩٩١ی
بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، هاوڵاتیان گلەیی ئەوەیان
هەیە کە مامەڵەکانیان لە فەرمانگەکاندا بە شێوەیەکی رێک و خێرا بۆ راییناکرێت و
زۆر جار چەند رۆژێک بە مامەڵەیەکی سادەوە سەرقاڵ دەبن و هاتوچۆ دەکەن.
هەندێکیشیان گرفتی ئەوەیان هەیە کە بەشێکی
فەرمانبەرەکان رێنمایی پێویستیان پێنادەن یان مامەڵەی گونجاو لەگەڵ سەردانیکارەکاندا
ناکەن.