سەردێڕ:

ئێران باڵیۆزی چینی لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد

PM:04:21:11/12/2022

4284 جار خوێندراوەتەوە

لە کاردانەوەی بەرامبەر ئەو راگەیەندراوە هاوبەشەی دوای کۆبوونەوەی لووتکەی ئەنجومەنی هاریکاریی چین و کەنداو سەبارەت بە سێ دوورگەی کەنداو کە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندان و ئیمارات بانگەشەی فەرمانڕەوایەتیکردنیان دەکات، ئێران باڵیۆزی چینی لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی کرد.


ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران "ئیرنا" بڵاویکردەوە، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو تۆمەتانەی شەرمەزار کردووە کە لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی لووتکەی چین و رێکخراوی هاریکاری کەنداو و ئەمریکا ئاراستەی وڵاتەکەی کرابوو.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەربڕینانەی سەبارەت بە دوورگەکانی ئەبو موسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک لە کەنداوی فارس کە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندان و ئیمارات بانگەشەی فەرمانڕەوایەتیکردنیان دەکات، ئەوا، ئێران هەر بانگەشەیەکی پەیوەست بەو دوورگانە بە دەستێوەردان دەزانێت لە کاروباری ناوخۆ و خاکەکەیدا و بەتوندی سەرکۆنەی دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، چانگ هوا باڵیۆزی چین لە تاران، سەبارەت بەو پرسە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە و "ناڕەزایەتیی توند"ی ئێرانی پێ راگەیەندراوە.

ناسر کەنعانی باسی لەوەشکرد، بە باڵیۆزی چین راگەیەندراوە کە سێ دوورگەکەی کەنداوی 'فارس' بەشێکی دانەبڕاوی خاکی ئێرانن و وەک هەر بەشێکی دیکەی ئێران نابنە بابەتی دانوستان لەگەڵ هیچ وڵاتێک.

دەشڵێت، باڵوێزی چین رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی رێز لە یەکپارچەیی خاکی ئێران دەگرێت، سیاسەتی دەرەوەی پەکین لە ناوچەکەدا 'لەسەر بنەمای هاوسەنگییە' و سەردانەکەی سەرۆکی چین، شی جین پینگ بۆ ریاز بۆ یارمەتیدانی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە بووە.

لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە، پێوەیستە هەموو لایەک رێز لە یەکپارچەیی خاکی ئێران بگرن. ئەو سێ دوورگەی کەنداوی 'فارس' کە باسیان لێوە دەکرێت بەشێکی دانەبڕاون لە خاکی ئێران و بۆ هەمیشە سەر بەم نیشتمانە دەمێننەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لاکتی سەردانەکەی شی جین پینگ سەرۆکی چین بۆ سعودیە لە بەشێک لەو راگەیەندراوە هاوبەشەی هەردوو وڵات بڵاویان کردەوە، داوا لە ئێران کرابوو کە "دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە وەرنەدات".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کرابووەوە، هەوڵ دەدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە رێگەی دانوستانە دوولایەنەکانەوە، ناکۆکییەکانی ئیمارات لەگەڵ ئێران سەبارەت بە دوورگەکانی تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبو موسا چارەسەر بکەن.













گەلەری