لە چوارچێوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان لە ٣ی ١٢ی ٢٠٢٢ لە یەکێک لە خۆپیشاندانەکانی کەرەج، دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ پێنج خۆپیشاندەر دەرکرد کە لەگەڵ ١١ کەسی دیکەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوون.
تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، مەسعود ستایشی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری لە شاری لە تارانی پایتەخت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاشکرای کرد، دادگاییکردنی تۆمەتبارانی خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی "جیددی و خێرا" بەردەوامە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا خۆپیشاندەران و دەستبەسەرکراوان
"ناڕەزایەتی دەربڕن، یاخود یاخیبوون"، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری لە تاران ئاماژەی
بەوەدا، جیاوازی لەنێوان ناڕەزایەتی دەربڕ
و یاخیبوودا هەیە. کەس لەبەر ناڕەزایەتی دەربڕین دەستبەسەر نەکراوە. تەنها لێکۆڵینەوە
لەگەڵ ئەو یاخیبووانە دەستی پێکردووە کە بە کارەکانیان هەوڵیان داوە، ئاسایشی وڵات
و سیستەمی گشتی تێکبدەن و ژمارەیەکیشیان لێ دەستبەسەر کراون.
وتیشی، پرۆسەی دادگاییکردنی ١٦ کەس لەبارەی پەلاماردان بە چەقۆ و کوشتنی
ئەندامێکی هێزی چەکداری بەسیج لە کاتی خۆپیشاندانەکان لە شاری کەرەج لە رێککەوتی ٣ی
تشرینی دووەم تەواو بووە.
باسی لەوەشکرد، پێنج لەو تۆمەتبارانە
بەتاوانی پەلاماردانی هێزە ئەمنییەکان، تێکدانی سیستەمی گشتی بە لەسێدارەدان حوکم
دراون.
مەسعود ستایشی ئاماژەی بەوەشدا، ١١ تۆمەتبارەکەی دیکەیش بە "زیندانیکردنی
درێژخایەن" سزا دراون و سێ لەو تۆمەتبارانە تەمەنیان لە خوارووی ١٨ ساڵە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، دەتواندرێت تانە لە بڕیارەکەی دادگا بدرێت و پێداچوونەوەی
بۆ بکرێت.
هاوکات، لەبارەی پرسی باڵاپۆشییەوە مەسعود
ستایشی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی مشتومڕەکان سەبارەت
بە باڵاپۆشی زۆرەملێ، ئەوەی خستەڕوو، پێویستە دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و
دادوەری ئەم بابەتە تاوتوێ بکات. ئەم بابەتە رەهەندێکی مێژوویی هەیە و لەو باوەڕەدان
پێویستە هەموویان داکۆکی لە بەهاکانیان بکەن. بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێن لەبارەی
باڵاپۆشییەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا، لە شاری کەرەجی سەربە پارێزگای ئەلبورز،
ئەندامێکی بەسیج بە ناوی "روحوڵڵا عەجەمییان" لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا
کوژرا و پێنج کارمەندی دیکەی هێزە ئەمنییەکان
برینداربوون کە برینی دووانیان سەختبوو.