سەردێڕ:

لە ١٠٠ زانکۆی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچوو

PM:06:38:01/10/2022

3620 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی پشتیوانیکردن لەو خوێندکارانەی زانکۆ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەستگیرکران لە ١٠٠ زانکۆی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.


یەکێتی خوێندکارانی ئیسلامی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام چەند گرتەیەکی ڤیدۆیی بڵاو کردەوە، لە زۆربەی زانکۆکان، خوێندکاران وەک دەربڕینی ناڕەزایی، بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.

خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران کە چەندین زانکۆی تارانیشیان لەنێودایە، بۆ پشتیوانیکردن لە خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکان و داواکردنی ئازاد کردنییان، نەچوونەتە هۆڵەکانی خوێندنەوە.

پێشتریش، لە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی ٩ی ٢٠٢٢ مامۆستایان و خوێندکارانی هەریەک لە زانکۆکانی سەنعەتی شەریف، زەهرا، خاجە نەسیرەدینی تووسی، زانستی تاران، خارەزمی، سورە، چەمرانی ئەهواز، سەهەندی تەورێز و بوعەلی سینای هەمەدان بەهۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک خوێندکارەوە مانگرتنیان راگەیاند.

ئەمەش لەکاێکدایە، لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بە فەرمانی دەسەڵاتی دادوەریی، بە تۆمەتی "دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی گشتی" هەڵمەتێکی رەشبگیرییان بۆسەر خۆپیشاندەران دەست پێکردووە.

میدیاکانی ئێران بڵاوییان کردەوە، لەپاڵ خۆپیشاندەراندا چەندین رۆژنامەنووس، هونەرمەند و کەسایەتی دیاری ئەو وڵاتە، دەستبەسەر کراون، کە ژمارەی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان بە دوو هەزار کەس دەخەمڵێندرێت.

لە لایەن خۆیەوە، غولام حسێن موحسینی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ئێران لە ٢٦ی ٩ی ٢٠٢٢ رایگەیاندبوو، هەموو ئەو کەسانە دەچنە سەرشەقام تاوانبار نین و دەسەڵاتی دادوەریی رێوشوێن تەنها بەرامبەر بەو كەسانە دەگرێتەبەر كە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی دەكەن.

رۆژی ١٣ی ٩ی ٢٠٢٢، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پەبەند نەبوون بە یاسای باڵاپۆشەکان" ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، دواتر لە رۆژی ١٦ی ٩ی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.

لە رپۆژی ١٧ی ٩ی ٢٠٢٢ تەرمی ژینا ئەمینی لە شاری سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش خۆپیشاندان دروستبوو کە لە ماوەیەکی کەمدا شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە کان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوەو تا ئێستاش بەردەوامە.













گەلەری