وەزارەتی تەندروستی سعودییە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی حەجکردن و سەرهەڵدانی ئاوڵەی مەیمون رایگەیاند، تا ئێستا لەو وڵاتەدا هیچ کەیسێکی ئاوڵەی مەیمون تۆمار نەکراوە. دەشڵێت، "سەرجەم رێکارەکانی خۆپارێزی و ئامادەکارییەکان رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکەیان گرتووەتەبەر".
ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی فەرمی هەواڵی سعودییە بڵاویکردەوە، وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە تەواوی ئامادەکاری و خۆئامادەکردنیان گرتووەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون لە ئەگەری تۆمارکردنی یەکەم کەیسدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە،
تەواوی پێداویستییەکانی پشکنین بەردەست و ئامادەن و رێبەرێکی پزیشکیشی بۆ کارمەندانی
بنکە تەندروستییەکان بڵاوکردووەتەوە و هەموو رێکارێکی خۆپارێزی و چارەسەر کردنیان
گرتووەتەبەر.
لەبارەی نزیکبوونەوەی وەرزی حەجەوە ئاشکرای کردووە،
ئەمساڵ سعودییە پێشوازی لە نزیکەی دوو ملیۆن حاجی دەکات لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو وڵاتە.
ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەکی ڤایرۆسی دەگمەنە و بیشانەکانی
بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و ئازاری ماسولکەکان و گەورەبوونی
لیمفەگرێکان و دروستبوونی ئاوڵە لەسەر پێستی دەست و قاچ. نەخۆشییەکە بە ئاسانی
ناگوازرێتەوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ و ئاستی
مەترسییەکەشی نزمە.
لە ئێستادا لە چەندین وڵات چەند کەیسێکی توشبوو نە
خۆشییەکە تۆمارکراوە لەوانەش بەریتانیا ١١کەیس و چەند کەیسێکیش لە فەرەنسا و
بەلجیکا و ئەڵمانیا و پورتوگال و ئیتاڵیا و سوید. ئەمڕۆش یەکەم کەیس لە خۆرهەڵاتی
ناوەڕاست لە وڵاتی ئیسرائیل تۆمار کرا.