سەردێڕ:

'زیادبوونی سەگی بەرەڵا مەترسیی بۆسەر عێراق دروستکردووە'

PM:01:21:21/05/2022

5760 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی سکای نیوز لە راپۆتێکی شیکاریدا نووسیویەتی، دیاردەی پەلاماردانی مرۆڤ لەلایەن سەگی بەرەڵاوە لە چەند شارێکی عێراق رووی لە زیادبوون کردووە و گەیشتووەتە ئەو حاڵەتەی وەزارەتی تەندروستی عێراق دوو رۆژ بەر لە ئێستا ئاگادارییەکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هاری سەگەوە بڵاوبکاتەوە.


دوو رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی تەندروستی عێراق زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشی هاری سەگی دووپاتکردەوە و داواشی لە بەرپرسی پارێزگاکان کرد کەمپینێک پێکبهێنن بۆ لەناوبردنی سەگی بەڕەڵا لە ناوچەکانی خۆیان.

ماڵپەڕی سکای نیوز ئاماژەی بەوەداوە، "لە پاڵ زیادبوونی سەگی بەرەڵادا یەکێک لە تراژیدیترین حاڵەتەکان کە بەهۆی ئەم دیاردەیەوە تۆمارکراوە، ئەو رووداوە بووە کە رۆژی دووشەممە بەسەر کچیکی تەمەن ١٠ ساڵان لە شاری سلێمانیدا هات و تیایدا ٣ سەگی پاسەوانی لە ماڵێکدا هێرشیان کردە سەری و سەرئەنجام گیانیلەدەستدا."

ماڵپەڕەکە نووسیویەتی، پاش ئەو رووداوانە وەزارەتی تەندروستی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم پارێزگاکان کرد کە لەلایەن تۆڕی هەواڵێ عێراقییەوە بڵاوکراوەتەوە و تیایدا دەڵێت، "نەخۆشی هاری نەخۆشییەکی کوشندەیە کە لە رێگەی گازگرتنی سەگی بەڕەڵاوە دەگوازرێتەوە و رێژەی سەدی مردن بە هۆیەوە دەکرێت بگاتە لە ١٠٠٪. "

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەرکی پارێزگارەکانە لە ژێر یاسای تەندروستی ئاژەڵی ژمارە ٣٢ بڕگەی ٢٩ی ساڵی ٢٠١٣ لە پێناو سنوردارکردنی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان، کەمپەین پێکبهێنن بۆ لەناوبردنی سەگی بەڕەڵا."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکی ساڵێکە لە شارە جیاوازەکانی هەرێم و سنوری پارێزگای سلێمانی؛ هۆشداری لە زیادبوونی سەگی بەرەڵا دەدرێت لە ناو گەڕەک و کۆڵان و شەقامە گشتییەکاندا، هەر لەماوەی ئەم مانگەشدا چەندین رووداوی پەلاماردانی سەگ هەبووە و لە ناویشیاندا رووداوی گیانلەدەستدانی لیای ١٠ ساڵ.













گەلەری