زاناکان تەنها لە ماوەی ١٥٠ خولەکدا ئەڵماس بەرهەم دەهێنن

PM:12:12:27/04/2024

1736 جار خوێندراوەتەوە

ئەڵماسی سروشتی بە ملیارەها ساڵ دەخایەنێت تا لەژێر فشار و پلەی گەرمی زۆر لە قووڵایی زەویدا دروست دەبێت، بەڵام شێوازێکی نوێی داهێنەرانە دەتوانێت لە ماوەی چەند خولەکێکدا ئەڵماسی دەستکرد بەرهەم بهێنێت.

شێوازەکە پشت بە تێکەڵەیەک لە کانزا شلەکان دەبەستێت، بەو پێیەی زاناکان سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی ئەڵماس لە ماوەی 150 خولەکدا، لە پلەی گەرمی 1025 پلەی سەدی و 1 بەرگەهەوای پەستان (یەکەیەکی بەرگەهەوای ستاندارد)، هاوتایە لەگەڵ ئەو پەستانەی کە هەستی پێدەکەین لەسەر ئاستی دەریا.

زانایانی پەیمانگای زانستی بنەڕەتی لە کۆریای باشوور ڕایانگەیاندووە، دڵنیان کە دەتوانرێت پرۆسەکە گەورە بکرێت بۆ ئەوەی جیاوازییەکی گەورە لە بەرهەمهێنانی ئەڵماسی دەستکرددا دروست بکرێت.

ئەوان ڕوونیان کردەوە کە تواندنەوەی کاربۆن بۆ کانزای شل بۆ دروستکردنی ئەڵماس بە تەواوی نوێ نییە، چونکە کۆمپانیای جەنەراڵ ئێلیکتریک نیو سەدە لەمەوبەر پرۆسەیەکی گرنگی پەرەپێدا بە بەکارهێنانی سولفایدی ئاسنی تواوە.

بەڵام ئەم پرۆسانە هێشتا پێویستیان بە فشاری ٥ بۆ ٦ گیگاپاسکاڵ هەیە، و "تۆو"ی ئەڵماس بۆ ئەوەی کاربۆنەکە پێیەوە بچەسپێت.

تیمی توێژینەوەکە توانیان ڕێژەی پەستان کەم بکەنەوە بە بەکارهێنانی تێکەڵەیەک لە کانزا شلەکان، لەوانە: گالیۆم، ئاسن، نیکل و سیلیکۆن. ئەو سیستەمێکی لە ناو توێکڵی گرافیت (جۆرێک لە کاربۆن و ئەڵماس) داڕشت بۆ گەرمکردن و ساردکردنەوەی تێکەڵەی کانزاکە زۆر بە خێرایی لەکاتێکدا بەر تێکەڵەیەکی میتانی و هایدرۆجین دەکەوێت.

ئەم پرۆسەیە یارمەتی ئەتۆمەکانی کاربۆن دەدات لە میتانییەوە بڵاوببنەوە بۆ ناو کانزای تواوە، وەک تۆوی ئەڵماس کاردەکات، دوای تەنها ١٥ خولەک، پارچە بچووکەکانی کریستاڵە ئەڵماسییەکان لە کانزا شلەکە دەرچوون.

زاناکان دەڵێن "دەستکاریکردنی ڕاستەوخۆ دەتوانێت بەشداربێت لە بەرهەمهێنانی ئەڵماس لەسەر ڕووبەرێکی زۆر گەورە بە بەکارهێنانی ڕووبەرێکی گەورەتر یان ڕووکارێک".

لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم پرۆسەیە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بەڵام نووسەرانی توێژینەوە نوێیەکە پێیان وایە توانایەکی زۆری هەیە، هەروەها دەتوانرێت کانزا شلەکانی تر تێکەڵ بکرێت بۆ بەدەستهێنانی مادەی هاوشێوە.

باسیشیان لەوە کرد ئەگەر ئەم شێوازە نوێیە تواناکانی خۆی بەدی بهێنێت، دروستکردنی ئەڵماس زۆر خێراتر و ئاسانتر دەبێت.