سەردێڕ:

خوێندەواری میدیایی لە دیدارەکەی سەرۆک وەزیراندا

PM:03:34:24/06/2022
5620 جار خوێندراوەتەوە
هاوکار جەلال بەرزنجی
+ -

دیداری نێوان سەرۆک وەزیران و میدیاکاران لە ٢٠ی حوزەیران، رۆژی دووشەممە سازدرا. ئایا دەکرێت پرسی میدیا لەکوردستان نمونەیەک بێت بۆ ئەم گوتەیە کە دەڵێت ''میدیایەکی باش دەتوانیت لەپرۆسەی بونیادنانی دەوڵەتێک بەشدار بێت'' ؟

لەم نوسینەدا، مەبەستم نییە تەنها لە گۆشەنیگا و جیهانبینی کەسیمەوە بڕوانمە کردارەکانی میدیاکاران، بەڵکو سەرنجێک لەسەر دیدارەکەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان لەگەڵ میدیاکاران، دەخەمەڕوو. هەرچەندە، من چەند بەتوانابم تەنها توانای یەک گۆشەنیگام هەیە بۆئەوەی ىڕوانمە دیاردەکە، بەڵام ئەوەی گرنگە، هەوڵدەدەم تێڕوانینێکی تەواو بابەتی و پەیوەست نەبوو بە دونیا بینی رەش-سپی بخەمە پێش چاو.

لە کوردستان متمانە بە میدیا لاوازە، هۆکارێکی ئەوەیە، ئێمە توشی ئینتەلای زانیاری بوین، ئینجا چی زانیارییەکیش! پڕ لەڕەشبینی، جەمسەرگیری سیاسی و خاڵی لە بابەتی بوون. هۆکارێکی تر، ئەگەر وردبینەوە لە واقعی حاڵیان، میدیاکاران تەنها ئەرکی پیشەیی خۆیان بەجێناهێنن، بەڵکو ئەوەی دەیکەن ئیدی وەڵامەکەی روونە چیدەکەن، بەهۆی بزنسی فرۆشتنی وشە بە خوێنەران و فرۆشتنی خوێنەران بە رەعیەتی کەسی و سەنگەرگرتن لەبابەتی کەسی. ئەم ئاکتەیان وادەکات رۆڵیان لە کۆمەڵگەدا لێڵ بووە.

هەرجارێک زانیاری هەڵەو شێواوی میدیایی لە گۆڕەپانی گشتیدا بڵاوببێتەوە، زیاتر متمانەم بۆ گوتەکەی جۆرج ئۆروێل زیاد دەبێت کاتێک لە ڕۆمانی ١٩٨٤ دا دەڵێت (ئیدی راستگۆیی لەجیهان چۆتە دەرەوە و درۆ دەڕژێتە نێو مێژوەوە، هەر بۆیە ئێمە لەسەردەمی ناڕاستیدا دەژین، وتنی راستیش بریتییە لە کردەیەکی شۆڕشگێڕانە).

خۆ ئەگەر رۆژنامەنووسێکی کورد، ئەمڕۆ بواری نەبووە لەشۆڕشەکانی دوێنێ بەشدار بوو بێت، دەکرێت ئەمڕۆ بەشداربێت لەو کردە شۆڕشگێڕییە.

لە رۆژگاری ئێستا، لێشاوی زانیاری وادەکات زۆرینەی کۆمەڵگە بکەونە ژێر کاریگەری ئەم لێشاوە و راستی ون ببێت، بەجۆرێک زۆرترین زانیاری و لەماوەیەکی کەمدا بەخیرایی لەهەموو سوچێکی ئەم جیهانەدا بەردەوام دەرخواردی کۆمەڵگە دەدرێت، وا لەکۆمەڵگە کراوە ئینتەلای زانیاری ببن، واتا زیاد لەپێویست زانیاری دەڕژێتە زهنیەتی کۆمەڵگەوە. ئەوەی کە مەترسییە، میدیاکار بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم لێشاوە. خۆ ئەگەر بێت توندوتیژی لەزانیاریدا رووبدات، لە دونیای واقعدا ئەو توندوتیژییە رەنگ دەداتەوە. واتا دەکرێت زانیاری میدیاکاران ببێتە هۆی جەنگ. ئەمەش کاتێک روودەدات گەر میدیاکار کاراکتەرێکی نەخوێندەوار بێت، واتا بێبەش بیت لە خوێندەواری میدیایی (Media Literacy) کە چەمکێكی فراوانە. بۆ ئەوەی میدیا ئەم ئەرکە بەجێبهێنێت، پێشمەرجێکی گرنگ ئەوەیە، ئەو جۆرە زانیاریانە پێشکەش بە خەڵک بکەن، کە پێویستیانە بۆ ئەوەی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر بن. بنەمایەکی سەرەکی بۆ هەرمیدیاکارێک ئەوەیە، تێبگات خوێندەواری میدیایی چەمکێکە توانای دەستگەیشتن و شیکردنەوەی پەیامەکانی میدیا، دروستکردن و رەنگدانەوەو کردار لەخۆ دەگرێت و بەکارهێنانی هێزی زانیاری و پەیوەندی بۆ دروستکردنی جیاوزی لە کۆمەڵگە دروست بکات، بەشدار بیت لەپرسە نیشتیمانییەکان.

بەزیادکردنی ئەم تێگەیشتنە لە میدیا و خوێندنەوە بۆ دیدارەکەی نێوان سەرۆک وەزیران و میدیاکاران، ئەوە دەخوێنمەوە، رۆژنامەنووسەکان لەو دیدارەدا لە قوتابییەکی تەمەڵ دەچون، بەرەنجامی توێژینەوەیەکیان لەبەردەست نەبوو، من چاوەڕێ بووم مەترسی لەدەستدانی متمانەی میدیایی بابەتێکی سەرەکی گفتوگۆکەیان بێت، داتایەکی پشتڕاکراوەیان پی نەبوو. تەنانەت لە گوتاریاندا ئەوەم خوێندەوە ( پرسی تەکنۆ-زانیاری، میدیای هەواڵی تەقلیدی، متمانەی میدیا، ئاستەنگەکانی بەردەم میدیای هەواڵی و دژبەرەکانیان) لەم دیدارەدا بوونی نەبوو.

سێناریست و نووسەری ئەمریکی ئارسەر میلەر لە ساڵی ١٩٦١دا لە نوسینێکیدا دەڵێت : بیرم کردەوە: "رۆژنامەیەکی باش، پێموایە، نەتەوەیەکە لەگەڵ خۆیدا قسە دەکات". دوای دە ساڵ دوو پەیامنێری واشنتۆن پۆست زنجیرەیەک وتاریان نووسی کە سەرۆک نیکسۆنیان هێنایە خوارەوە و پێگەی ڕۆژنامەگەری چاپکراو بەرزبووەوە. ڕۆژنامەکان لە باشترین حاڵەتی خۆیاندا لێپرسینەوە لە حکومەت و کۆمپانیاکان دەکەن. بەگشتی کارنامەی هەواڵ بۆ باقی میدیاکان دادەنێن.''

بەڵام لێرە لەدیدارەکەدا چی دەگوزەرا؟ میدیاکارەکان بەناوی خەڵکەوە بڕیاری دادگەی فیدراڵیان بەباش وەسف دەکرد، بەڵام بێئاگابوون لە پێکهاتە و ڕابردوی دادگای فیدراڵی، پرسیاری داهاتی نەوت و بەراوردیان بە فرۆشی نەوتی عێراق کرد، بەڵام بێئاگابوون لە پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی عێراق، بێ زانیاری بوون لەسەر کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ. زیاد لەوەش بەناوی خەڵکەوە پرسیاریان دەکرد، بەڵام بەرەنجامی ڕاپرسیەکیان پێ نەبوو. سەرەنجام زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسەکان ئیحراج بوون، دەرکەوت قەیرانی رۆژنامەنووسی پیشەگەرو جەهالەتی میدیایی کێشەیەکی بەرچاوە لە کوردستان. لەوەڵامەکانی سەرۆکوەزیرانەوە زۆرێک لەم راستییانە دەرکەوت.

گەلەری