سەردێڕ:

گۆڕانکاری لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا دەکرێت

PM:07:47:14/04/2024

146324 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سبەی کۆ ببێتەوە. دەشڵێت، "دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران لە ٢٥ـی هەموو مانگێکەوە دەکرێتە رۆژی ١٨ـی هەموو مانگێک".


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەندامێکی لیژنەیی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی راگەیاند، ئەو میکانیزمە کە بۆ چارەسەرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم جێبەجێ کراوە بەشێوەیەکی کاتی بووە و بڕیارە رۆژی ١٥ـی نیسان دووبارە تاوتوێی میکانیزمەکان بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی مووچە لە نێوان هەرێم و بەغدا لە رێگای رێکارەکان و میکانزیمەکانی بودجەی عێراق چارەسەر کراوە، بەڵام پێویستە جێگیر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سبەی دووشەممە کۆدەبنەوە و بڕیارلەسەر میکانیزمی پێشنیازکراو دەدرێت.

وتیشی، "دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران کە لە ٢٥ـی هەموو مانگێکدا دەکرا، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لەمەودوا ١٨ـی هەموو مانگێک دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی سەرجەم وەزارەتەکان دەکرێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، بە گۆڕانکاری لە سیستمی مووچەی مووچەخۆران لە کاشەوە بۆ ئەلیکترۆنی سەرجەم گرفتەکان چارەسەردەبن. وتیشی، "بەهیچ جۆرێک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم جارێکی دیکە ناکەوێتە ژێر مەترسییەوە".













گەلەری