سەردێڕ:

بەشێک لەو کۆچبەرانەی لە رووداوەکەی دوێنێی کەناڵی ئینگلیز گیانیان لەدەستدا کورد بوون

PM:11:55:24/04/2024

75808 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ سێشەممە، پێنج کۆچبەر لەکاتی تێپەڕبوونیان بە کەناڵی ئینگلیزدا گیانیان لەدەستدا، پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش باسی لەوە کرد، بەلەمەکە زیاتر لە ١٠٠ کۆچبەری تێدا بووە و بەشێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە کوردن.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، لە رووداوەکەی دوێنێی کەناڵی ئینگلیزدا، کە پێنج کۆچبەر لەکاتی پەڕینەوەیان بە کەناڵەکەدا گیانیان لەدەستدا، تا ئێستا بەشێک لەو کۆچبەرانە بێسەروشوێنن. وتیشی، "یەکێک لەو کۆچبەرانەی گیانی لەدەستداوە منداڵە".

ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە کورد بوون و تەرمەکانیان گەڕێندراوەتەوە بۆ فەرەنسا.

ئەوەشی خستە روو، "تاوەکو ئێستا پۆلیسی فەرەنسا ناسنامەی کۆچبەرە خنکاوەکانی ئاشکرا نەکردووە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بە مەبەستی پەڕینەوە لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزدا، پێنج کۆچبەر لە بەلەمێکی کۆچبەراندا گیانیان لەدەستداوە، پۆلیسی فەڕەنساش ئاماژەی بەوە کرد، روون نییە کە ئایا بەلەمەکە ژێر ئاو کەوتووە، یاخوود کەوتوونەتە ناو ئاوەکەوە.

ئەو رووداوە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیاوە کە بڕیارە هەر لەمساڵدا یەکەم فڕۆکەی کۆچبەران بەرەو رواندا بفڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش دوو هەزار و ٢٠٠ شوێن ئامادە کراوە بۆ ئەو پرسە، هەروەها ٢٠٠ دادگای تایبەت بە پەنابەران دانراون.

پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە دوای چەند جارێک مشتومڕکردن لەبارەیەوە هاوکات رەتکردنەوەی لە ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیاوە، ئەمڕۆ ٢٣ـی نیسانی ٢٠٢٤ لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیاوە پەسەند کرا.

پێشتر لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ـدا، بەریتانیا و رواندا رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ناردنی هەندێک لەو کۆچبەرانە بۆ رواندا کە بە نایاسایی لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە دەچنە بەریتانیا، بەجۆرێک، لە رواندا داواکاریی مافی پەنابەرییان جێبەجێ دەکرێت، رێککەوتنەکەش ئەو کۆچبەرانەی دەگرتەوە کە لە مانگی ١ـی ٢٠٢٢ـەوە بە رێگای نایاسایی "وشکانی، ئاوی، ئاسمانی" گەیشتبوونە بەریتانیا.

کەناڵی ئینگلیز یەکێکە لە مەترسیدارترین رێگاکانی کۆچکردنی نایاسایی کە کۆچبەران بۆ گەیشتن بە خاکی بەریتانیا پەنای بۆ دەبەن و ساڵانە چەندین کۆچبەر لەو رێگایەدا گیان لەدەست دەدەن و بێسەروشوێن دەبن.













گەلەری