سەردێڕ:

بەرپرسیاری و کۆیلە !

PM:08:09:05/04/2024
11168 جار خوێندراوەتەوە
ئارێز عەبدوڵا
+ -

بەرپرسیار یان لێپرسراو ئەو کەسەیە کە ئەرکێکی لەسەر شانە و دەبێت بەو شێوەیە جێبەجێی بکات کە بە یاسا و رێنمایی بۆی دیاریکراوە. ئەگەر هەر بەرپرسێک بۆ بەرژەوەندیی گشتی کاریکرد و بەرپرسانە یاسا و رێنماییەکانی جێبەجێکردن ئەوا شایستەیە و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت نەک لێپرسراوی خەڵکی تر. لەبواری بەڕێوەبردنی کاروبارە تایبەت و گشتیەکان پرانسیپێکی جیهانی گرنگ هەیە (کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو) واتە هەر کەسێک بەپێی ئاستی توانا و لێهاتوویی خۆی ئەو کارەی پێ بسپێردرێت کە لێی دەزانێت و شارەزایە.

جێبەجێکردنی ئەو پرانسیپە مەرجی سەرەکی سەرکەوتن و بەرەوپێش چوونە، بەڵام کاتێک پرانسیپەکە جێبەجێ ناکرێت ئەوا شیرازەی کاروبارەکان تێكدەچن و لە باشترین باردا دامەزراوە، کۆمپانیا یان فەرمانگەکە چەق دەبەستێت.

بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە زۆر کەم بەچاویلکەی کەسی شیاوبۆ شوێنی شیاو سەیر دەکرێ، بۆیە هەندێ ئیعتباری تری وەک خزمایەتی، ملکەچی، هاوبەشی و ناوچەگەریەتی و حزبایەتی .... دێنە پێشەوە و لەو بارەشدا کەسانێک پێگە و پۆست وەردەگرن کە لەلایەک ناتوانن ئەرکەکانی خۆیان بەباشی جێبەجێ بکەن و زیانی گەورە لە بەرژەوەندیی گشتی دەدەن، لە لایەکی دیکەش توانا و لێهاتوویی کەسانی تر ناخرێتەگەڕ و بەفیڕۆ دەڕوات، کە ئەوەش سامانێکی نیشتیمانی گەورەیە. 

ئەو بابەتە تەنیا کاریگەری لەسەر دامەزراوە و کەسە پەیوەندیدارەکان نییە، بەڵکو بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر گەل هەیە و لە ئەنجامیش هەستکردن بە نادادپەروەری و نامۆ بوون و دروستبوونی ئاڕاستەی جیاواز دەبێت. 

لە کوردستان پێگە و پۆستە گشتییەکان بە هەرپاساوێک بێ موڵکی تایبەتی ئەم و ئەون، بۆیە ئەوانیش بە زۆری بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان تەخشان و پەخشانی پێ دەکەن، ئەنجامیش ئەرکدارەکان تەنیا رۆبۆت و کۆیلەی بەستەزمان دەبن. 

سیاسەت و بەڕێوەبردن دوو زانستی زۆر گرنگن، هەر کاتێک لەلایەن نەشارەزایانەوە ئاڕاستە بکرێن تەنیا ماڵوێرانی بەدوای خۆیاندا دێنن.

چۆن دەکرێت کەسێک ئەزموونی بەڕێوەبردنی نەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکی گرنگی پێ بسپێردرێت؟

چۆن دەکرێت کەسێک سیاسەت نەزانێت پێگەیەکی سیاسی گەورەی پێ بدرێت؟

چۆن دەکرێت لە پێگە و بەرپرسیارێتییەکان ئەوەندەی رێنمایی و راسپاردەی تایبەت لەبەرچاو بگیرێن ئەوەندە رێسا و یاساکان نا؟

ئەم وڵاتەی ئێمە گیرۆدەی دەستی هێزێکە کە وەک ئایین خۆی نمایش دەکات، گوایە دەست بۆ بردنی لەکەدارکردنی پیرۆزییەکانە و بڤەیە.

ئەم وڵاتەی ئێمە گیرۆدەی عەقڵییەتێکە لە مۆدێلی ئوتومبێل و بۆینباخ و قاتی مارکە جیهانییەکان لە رۆژئاواییەکان شارەزاترە، بەڵام لە بیرکردنەوە و کرداردا سەد ساڵ لە دواوەیە.

تا بیرکردنەوە و هەلومەرجەکانی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەش بەم شێوەیە بن و ناڵێم شۆڕش بەڵکو چاکسازییەکی راستەقینە نەکرێت، نابێت خۆزگە بە باشتر بخوازین، چونکە لێیان چاوەڕوان ناکرێت.

گەلەری