سەردێڕ:

دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دەکرێت

AM:11:06:20/04/2024

50836 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەرێکەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم ئامادەکراوە و دوای تەواوبوونی پارەدارکردنی وەزارەتەکان دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. دەشڵیت، "ئەگەر هیچ گرفتێک دروستنەکرێت ئەوە لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەکەن".


ئەمڕۆ شەممە، چاوگێکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لیستی مووچەی مووچەخۆران بۆ مانگی نیسان بە تەواوی ئامادەکراوە و بڕیاریشە تاوەکو سبەی یەکشەممە، ٢١ـی نیسان رەوانەی بەغدا بکرێت و دوای پارەدارکردنی وەزارەتەکان بڕەپارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە رەوانەی هەرێم بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هیچ گرفتێک دروستنەبێت ئەوە لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆران دەکرێت و بە گوێرەی لسیتەکەش پێویستیان تەنها بە هەفتەیەک هەیە.

باسی لەوەش کرد، مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم پلەبەرزکردنەوەی لەگەڵدا نییە چونکە لیستی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم لە کاتی دیاریکراودا تەواو نەبووە.

وتیشی، "لەگەڵ پلەبەرزکردنەوە پێویستی کردووە دەستکاری چۆنێتی مووچە بکەن و لەگەڵ سیستمی دابەشکردنی مووچەی عێراق رێکی بخەن تاوەکو کێشەی ئیداری و کارگێڕییان بۆ دروست نەبێت لەکاتی ناردنی لیستی مووچەدا بۆ ئەو مەبەستەش دوو لیستی مووچەیان بۆ مانگی ئایار ئامادەکردووە".

پێشتریش، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، قۆناغەکانی ئامادەکردنی لیستی پلەبەرزکردنەوە بەرەو کۆتاییە و لە سەرەتای مانگی پێنجەوە پلەبەرزکردنەوە دەبەسترێت و تاوەکو کاتی ناردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج بۆ بەغدا، هەموو کارەکان تەواو دەکرێت.

هێڤیدار شعبان – دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی













گەلەری