سەردێڕ:

ئۆپیک پڵەس پێشبینیدەکات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزێت

PM:03:38:27/02/2022

4696 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی هونەری قەوارەکان لە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لە نوێترین راپرۆتی خۆیدا رایگەیاند، پێشبیدەکرێت لەمساڵدا بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان رۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل کەمبکات. دەشڵێت، "رۆژانە ملیۆنێک و ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت".


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز نوێترین راپۆرتی لیژنەی هونەری و قەوارەکانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەسی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە بەراورد بە ساڵانی نێوان ٢٠١٥ و ٢٠١٩ ناوەندی بڕی نەوتی خەزنکراوی رێکخراوەکە لە ٦٢ ملیۆن بەرمیل کەمترە.

دەشڵێت، بەگوێرەی پێشبینییەکانی رابردوو وا چاوەڕێدەکرا بڕی نەوتی هەڵگیراو و عەمبارکراو بەڕیژەی ٢٠ملیۆن بەرمیل بەرزبێتەوە.

هەروها، بڕیارە لە ٢ی ئاداری ئەمساڵدا رێکخراوی ئۆپیک پڵەس، کە روسیا تیایدا ئەندامە کۆبوونەوەی ئاسایی سازبکات و تیایدا بڕیار لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل رۆژانە بدەن لە مانگی نیسانەوە.

چاوگێکی ئاگادار لە رێکخراوەکەوە بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، تا ئێستا بەهۆکاری هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هیچ دەستپێشخەرییەک نییە لەبارەی لاوازکردنی رێککەوتنی رێکخراوەکە و هەموو لایەک تائێستا پابەندن بە بەرهەمهێنانی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی زیادە لە مانفگی نیساندا.

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢ ھێرشی سەربازیی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا دەستی پێ کرد و نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ  ١٠٥ دۆلار بەرزبووەوە.

لە ئێستادا بۆ ماوەی پێنج رۆژە جەنگ لەو وڵاتە لە نێوان هێزەکانی روسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و ئەمەش کاردانەوەی توندی ژمارەیەک وڵاتی لێکەوتەوە و هەریەک لە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و چەند وڵاتێکی دیکەی خۆرئاوا سزای ئابوری و بازرگانی و دارایی و گواسنتەوەیان بەسەر روسیادا سەپاند و لە نێویشیاندا چەند کۆمپانیایەکی گەورەی ئەو وڵاتە و خودی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە لیستی ئەوکەسانەدان سزاکانیان بەسەردا سەپێنراوە. هاوکات، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، سیتڤن هیبستریت وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، هەریەک لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و کەنەدا و فەرەنسا و کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رێککەوتن لەسەر سەپاندنی سزای توندی نوێ بەسەر کەرتی مامەڵەکردن و ئاڵوگۆڕکردنی دراوی روسییدا. لەبەرامبەردا بەهای رۆبڵی روسی بەشیوەیەکی بەرچاو لەبازاڕەکانی جیهاندا بەهاکەی لەدەستدا و هەریەک لە کۆمپانیاکانی رۆسنەفت و گازپڕۆم بەهای پشکەکانیان دابەزی.













گەلەری